یەكێتی سەردانی شاندێكی لایەنەكان بۆ بەغدا لەگەڵ چەند حزبێك و فوئاد مەعسووم تاوتوێ دەكات

مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ چەند لایەنێكی سیاسی كۆدەبێتەوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی سەردانی شاندێكی لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان بۆ بەغدا لەگەڵ چەند لایەنێكی سیاسی و فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق كۆببێتەوە.

دالیا كەمال پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "ئەمڕۆ سێ كۆبوونەوە لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان و بەغدا بەڕێوەبچن، ئێستا كۆبوونەوەی یەكێتی لەگەڵ شاندێكی حزبی سۆسیالیست دیموكرات كوردستان بە سەرۆكایەتی محەمەد حاجی مەحموود سكرتێری ئەو حزبە دەستیپێكردووە".

بە گوێرەی زانیاری پەیامنێرمان ھەر ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق تاوتوێی سەردانی شاندێكی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا دەكەن كە بڕیارە شاندێكی لایەنە سیاسییەكان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوولا سەردانی بەغدا بكەن و یەكێك لە تەوەرەكانیش سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان دەبێت".

پەیامنێرمان گوتیشی: "بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێكی حزبی شیوعی كوردستان سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بكەن و ھەردوولا تاوتوێی چوونی شاندی لایەنە سیاسییەكان بۆ بەغدا بكەن، پشتر حزبی شیوعی راگەیاندووە، دەیانەوێت بەشداربن لەو شاندە".

پێشتر بەرپرسانی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایانگەیاندبوو، لەم ھەفتەیەدا شاندی ھەردوولا جارێكی دیكە لەبارەی دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ كێشە ناوخۆییەكان كۆدەبنەوە.