ئەگەری هەڵوەشانەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران زیاتر ده‌بێت

ئێران سەپاندنی گەمارۆی نوێی ئابووری لە لایەن ئەمریکاوە بە پێشێلکردنی رێککەوتننامەی ناوکی دەزانێت
kurdistan24.net

K24 - تاران

ئەگەری هەڵوەشاندنی رێککەوتننامەی ناوکی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک تا دێ زیاتر دەبێ و ئێران  وئەمریکاش یەکتر بە پێشێلکردنی ئەم رێککەوتننامەیە تۆمەتبار دەکەن. ئەمریکا دەڵێ تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ئێران پێشێلکردنی بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و رێککەوتننامەی ناوکییە و لە بەرامبەریشدا ئێران سەپاندنی گەمارۆی نوێی ئابووری لە لایەن ئەمریکاوە بە پێشێلکردنی رێککەوتننامەی ناوکی دەزانێت.

حسێن کەنعانی موقەددەم، شرۆڤەکاری سیاسی بە كوردستان24 گوت: "لە بڕیارنامەی 2231 دا هیچ جۆرە سنوورێک بۆ تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ئێران دانەنروە مەگەر بۆ ئەو مووشەکانەی کە دەتوانن کڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرن. ئێمەش شتی وامان نییە بە دوای شتی وانین، ئەمریکییەکانیش ئەگەر قسەیەکیان هەیە دەبێ لە چوارچێوەی یاسادا و لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا باسی بکەن و ئێمەش بە یاسا وڵاممان داونتەوە و وڵامیان دەدەینەوە".