ئه‌مه‌ریكا روونكردنه‌وه‌یه‌ك له باره‌ی ڤیزا راگیراوه‌كان بڵاوده‌كاته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
دوای بڕیاره‌كه‌ی ئیداره‌ی نوێی كۆشكی سپی، بۆ راگرتنی پێدانی ڤیزا به هاووڵاتیانی 7 وڵاتی زۆرینه موسڵمان، كاركردن به نزیكه‌ی 60 هه‌زار ڤیزا راگیرا.
دواتر بڕیاره‌كه له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵی سیاتڵه‌وه، ره‌تكرایه‌وه, وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكاش رایده‌گه‌یه‌نێت، له ئێستادا ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی ڤیزای ئه‌مه‌ریكایان هه‌یه له وڵاتانی عێراق، ئێران، سووریا، یه‌مه‌ن، لیبیا، سۆماڵ و سوودان، ده‌توانن گه‌شته‌كانییان بۆ ئه‌مه‌ریكا ده‌ستپێكه‌ن.
رۆژی 27ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2017، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، بڕیاری راگرتنی پێدانی ڤیزای به هاووڵاتییانی ئه‌و 7 وڵاته ده‌ركرد، بڕیاره‌كه هه‌موو ئه‌وانه‌شی ده‌گرته‌وه، كه پێشتر ڤیزای ئه‌و وڵاته‌یان وه‌رگرتبوو، كه به گوێره‌ی سه‌رچاوه میدیاییه‌كان، نزیكه‌ی 60 هه‌زار كه‌س ده‌بن.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا رێوشوێنی توندى ئه‌منی به‌رامبه‌ر به‌وانه ده‌گرێته‌به‌ر كه ده‌بنه هۆی هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر سه‌قامگیری وڵات.
هه‌روه‌ها روونكردنه‌وه‌ی له باره‌ی ئه‌وانه‌شداوه، كه به‌هۆی ئه‌و بڕیاره‌وه ڤیزاكه‌یان ره‌تكراوه‌ته‌وه، یاخود به‌سه‌ر چووه (ئێكسپایه‌ر) بووه، ده‌توانن جارێكی دیكه داوای وه‌رگرتنی ڤیزا له باڵیۆزخانه و كۆنسوڵخانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن له وڵاته‌كانییان.
به گوێره‌ی بڕیاره‌كه‌ش، پێدانی ڤیزا به هاووڵاتییانی ئه‌و حه‌وت وڵاته به شێوه‌یه‌كی كاتی راگیراوه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی پێشتر ڤیزایان وه‌رگرتووه، ده‌توانن گه‌شته‌كانییان به‌ره‌و ئه‌مه‌ریكا ده‌ستپێبكه‌ن.
هه‌رچه‌نده بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ، به بیانووی پاراستنی گه‌لی ئه‌مه‌ریكا بوو له هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆری ده‌ره‌كی، به‌ڵام ناڕه‌زایی زۆری ئه‌مه‌ریكییه‌كانی به‌دوای خۆیدا هێنا.