گۆڕان سكاڵای دژی محەمەد حاجی مەحموود تۆماركرد
K24 – سلێمانی
بزووتنەوەی گۆڕان لە دادگای سلێمانی سکاڵای یاسایی لە دژی محمەد حاجی مەحموود تۆمار کرد.
ژووری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان لە دادگای سلێمانی سکاڵای یاساییان لە دژی محمد حاجی مەحموود سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان تۆمار کرد، لەبەرامبەر ئەوەی لە دیمانەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاندبوو گۆڕان ھاوشانی پارتی و یەکێتی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتوو کۆمەڵ، ئاگادارە لە مەلەفی نەوت و بە خاوەنی کۆمپانیای نەوتی تۆمەتباری کردبوو.
چەند پارێزەرێک لە ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان لە دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی و بنکەی پۆلیسی بەختیاری سکاڵای یاساییان لە دژی محمەدی حاجی مەحموود تۆمارکرو رایانگەیاند: "گوتەكانی دەچێتە ژێر چوارچێوەی ماددەی 433 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 ساڵی 1969، لەبەر ئەوەی تەشھیری بە بزووتنەوەی گۆڕان كردووە".
راشیانگەیاند، سکاڵاکەیان ھەردوو لایەنی سزایی و ماددیش دەگرێتەوە کە دەتوانن داوای قەرەبووی مادییش بکەن.
داواشیان کرد دەبێت بۆیان بسەلمێنن کە لەچ بیرە نەوت و کێڵگەیەک و بە چ رێگایەک گۆران بەشداری کردووە لەگەندەڵی مەلەفی نەوتدا، بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن باسیان لەوە شکرد کە لەرێگای یاساوە ئەو پرسە یەکلایی دەکەنەوە و داوایان لە سکرتێری حزبی سۆسیلیست دیموکراتی کوردستان کرد کە ھەر بەڵگەیەکی ھەیە لە دادگا بیخاتە ڕوو.
لە دیمانەیەکی رۆژنامەنوسیدا محمەدی حاجی محموود ئاماژەی بەوەکردبوو کە کێشە و ناکۆکی نێوان ھێز و لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندی ھاووڵاتیان نییە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی خۆیان و دابەشکردنی داھاتی ھەرێمی کوردستانە،تۆمەتباریشی کردن بەوەی شەریکی نەوت و خاوەنی کۆمپانیای نەوتن. دواتر ھەریەکە لە گۆران و یەکگرتو کۆمەڵ وەڵامی ئەو ووتانەی سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانیان دایەوە و بزووتنەوەی گۆرانیش دوو رۆژ مۆڵەتی دانا بۆ ئەوەی داوای لێبوردنیان لێبکرێت. مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست رەتیکردەوە داوای لێبوردن بکات و بەزمانێکی توند وەڵامی ھەر سێ حزبەكەی دایەوە.