خێزانە كوردەكە گەیشتنە ئەمریكا

لە لایەن حاكمی ویلایەتی تێنیسی و كۆنگرێسمەن جیم كۆپێر و نوێنەرانی چەند رێکخراوێکی کۆچبەران و کومەڵگای کورد پێشوازییان لێكرا

K24 - واشنتۆن دی سی

خێزانە كوردەكەی ھەولێر گەیشتە ئەمریكا و لە لایەن حاكمی ویلایەتی تێنیسی و كۆنگرێسمەن جیم كۆپێر و نوێنەرانی چەند رێکخراوێکی کۆچبەران و کومەڵگای کورد پێشوازی لێكرا.

كاوە حەسەن پەیامنێری كوردستان24 لە واشنتۆن دی سی رایگەیاند: دوای ئەوەی بەھۆی بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە فڕۆكەخانەی قاھیرە بۆ ھەولێر گەڕانەوە، خانەوادەی فوئاد شەریف جارێكی دیكە لە ھەولێرەوە بەرەو ئەمریكا بەڕێكەوتن و فوئاد شەریف و خێزانەکەی گەیشتنە شاری ناشڤیڵی پایتەختی ویلایەتی تێنیسی و لەلایەن حاکمی ویلایەت و نوێنەرانی ئۆفیسەكەی و کۆنگرێسمان جیم کوپێر و نوێنەرانی چەند رێکخراوێکی کۆچبەران و کومەڵگای کوردی لەم ویلایەتە و چەندین کەسایەتی کورد و دۆست و هاوڕێکانی بەگەرمی پێشوازییان لێکرا.

 

ترەمپ رۆژی 27 كانوونی دووەمی رابردوو ھاتنە ناوەوە و پێدانی ڤیزای ئەمریكا بە حەوت وڵاتی زۆینە موسڵمانی ئێران، عێراق، سوریا، لیبیا، یەمەن، سودان و سۆماڵ بۆ ماوەی 90 رۆژ ھەلپەسارد  و وەرگرتنی كۆچبەرانی ئەم وڵاتانەشی بۆ ماوەی 90 رۆژ راگرت.

رۆژی 2 شوبات، جیمس رۆبارت دادوه‌ری فیدراڵی له‌ سیاتڵی ویلایەتی واشنتۆن  بڕیارەكەی ترەمپ ھەڵوەشاندەوە، رۆژی 5 ئەم مانگە دادگای پێداچوونەوەی سان فرانسیسكۆ داواكاری وەزارەتی دادی ئەمریكا بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادوەری ویلایەتی واشنتۆنی رەتكردەوە، پاش ئەوەی وەزارەتی دادی ئەمریكا لەسەر داوای ترەمپ داواكارییەكی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادوه‌ری فیدراڵی له‌ سیاتڵ پێشكەش بە دادگایەكی پێداچوونەوە كرد.

رۆژی 28 كانوونی دووەمی رابردوو فوئاد شەریف و ئەندامانی خێزانەكەی بە مەبەستی چوون بۆ ئەمریكا گەیشتبوونه‌ فڕۆكەخانی قاھیرە و ڤیزای ساڵێكی ئەمریكایان وەرگرتبوو و دەیانویست ژیانیكی نوێ لە ناشڤلی ئەمریكا دەستپێبكەن.

بەڵام لە فڕۆكەخانی قاھیرە رێگەیان پێنەدرا، پاش ئەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا نووسراوێكی بۆ ناردبوون، كە ئەو خێزانە ناتوانن بەرەو ئەمریكا گەشت بكەن.

ئەو خێزانە رۆژی دواتر گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ھەولێر، پاش ئەوەی شەوێكیان لە فرۆكەخانەی قاھیرە بەسەر برد.

فوئاد شەریف 51 ساڵی لە گەڵ ئارەزووی 41 ساڵەی ھاوژینی و كوڕە 19 ساڵییەكەی، بونیاد و كچە 17 ساڵییەكەی، یاد و كچێكی تری 10 ساڵی به‌ ناوی شاد، لە فرۆكەخانەی قاھیرە راگیران و رێگەیان پێ نەدرا بچنە ئەمریكا، كە چەندین ساڵ بۆ ئەنستیتۆیەكی لێكۆڵینەوەی USAID لە عێراق كاری كردووە.

چەند رۆژیك پاش گەڕاندنەوەی ئەو خێزانە لە قاھیرە بۆ ھەولێر، جیم كوپێر كۆنگرێسمانی ئه‌مریكا لە ویلایەتی تێنیسی لە ماڵپەری خۆی پێرۆزبایی لەو خێزانە كوردە و سوپاسی شاندی دیپلۆماسی وڵاتەكەی كرد و لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە "شەوی رابردوو باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق رێنماییەك لە وەزارەتی دەرەوەی پێگەیشت كە تێیدا رێگە بە عێراقییەكانی ھەڵگری ڤیزای تایبەتی كۆچبەری دەدات بۆ ئەمریكا گەشت بكەن".

JS