سەڵاحەدین بەھائەدین: ئەو بارودۆخەی دروستبووە ھەر پێنج حزبی سەرەكی لێی بەرپرسن

"گۆڕانكاری لە سەرۆكایەتی پەرلەمان قسەی لەسەركراوە"
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەبارەی رێككەوتنی لایەنەكان بۆ چارەسەری كێشەناوخۆییەكان و گۆڕانكاری رایدەگەیەنێت، قسە لەسەر گۆڕانكارییەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە و ئەو بارودۆخەی لە كوردستان دروستبووە ھەر پێنج لایەنی بەشدار لە حكوومەت لێی بەرپرسن.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی حزبەكەیان سەڵاحەدین بەھائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند: "ئومێد دەكەین یەكگرتوو رۆڵی زیاتر ھەبێت لە مەیدانی سیاسی و پڕۆسەی ئاشتەوایی لە ھەرێمی كوردستان".

گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ نزیكبوونەوەی پارتی و یەكێتین، بەڵام كاریگەری نەبێت بۆسەر ئاشتەوایی گشتی، بەو ھیوایەی رێككەوتنی دوو قۆڵی ببێتە بناغە بۆ رێككەوتنی پێنج قۆڵی".

لەبارەی پڕۆژەی كاراكردنەوە و گۆڕانكاری لە سەرۆكایەتی پەرلەمان، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان گوتی: "ئەوەی ھەیە تا ئێستا نەبووەتە پڕۆژە، بەڵام ئەفكارە و قسەی لەسەركراوە".

ئەوەشی خستەڕوو: "پێویستە گفتوگۆ لە نێوان ھەر پێنج لایەنی بەشدار لە حكوومەت بەردەوام بێت بۆ گەیشتن بە رێگەچارەیەكی گونجاو، لە گفتوگۆكان ھەر لایەنێك خۆی بە دوور بگرێت و دانووستاند نەكات كێشەی خۆیەتی".

راشیگەیاند: "ئەو بارودۆخەی دروستبووە ھەر پێنج حزبەكە لێی بەرپرسن و دەبێ خۆشیان چاكی بكەنەوە، دەبێ حكوومەت و پەرلەمان بە رێككەوتن كارا بكرێتەوە".