ناتانياهۆ: له‌گه‌ڵ به‌ريتانيا و ئه‌مريكا رووبه‌ڕووى ئێران ده‌بينه‌وه‌

بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانی ئيسرائیل لە بەریتانیا لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبوويه‌وه‌.
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانی ئيسرائیل لە بەریتانیا لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبوويه‌وه‌.

بڕیارە دوای بەریتانیا ناتانياهۆ روو بکاتە کۆشکی سپی و لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا کۆببێتەوە.

ناتانیاھۆ بە میدیاکانی راگەیاند، ھاتنی ئیدارەی نوێی ئەمریکا و حکومەت و سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا دەرفەتێکی دیپلۆماسی زێڕینە بۆئەوەی ئەمریکا و بەریتانیا و ئیسرائیل پێکەوە وەڵامی ھەڕەشەکانی ئێران بدەنەوە.

له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، تيریزا مای سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا گوتى: "پێموایە زۆر کاری ھاوبەش ھەن، پێویستە پێکەوە ئەنجامیان بدەین. لەبارەی چۆنیەتی بنیادنانی پەیوەندییەکانی داھاتوومان گفتوگۆ دەکەین. بەدڵنیاییەوە باسی بارودۆخی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی سووریا و ئێران دەکەین. بەدڵنیاییەوە لەپێناو گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە لەگەڵ چارەسەری کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینین".

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل یەکەم بابەت کە باسی کرد ھەڕەشەکانی ئێران بوو لە ئیسرائیل و رایگەیاند، ئێران تەنھا ھەڕه‌شە لە ئێمە ناکات بەڵکو ھەڕەشەیە بۆسەر ئەوروپا و ھەموو جیھان.

گوتيشى: "ئێران دەیەوێت ئێمە بسڕێتەوە بە ئاشکرا ئەمەی وتووە. دەیەوێت رۆژھەڵاتی ناوەڕاست داگیر بکات. ھەڕەشە لە ئەوروپا و رۆژئاوا دەکات، ھەڕەشە لە ھەموو جیھان دەکات".