یه‌كگرتوو ده‌یه‌وێت سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێم وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌

به‌رپرسێكی یه‌كگرتوو: تورکیا دژى سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان نابێت

K24 – هه‌ولێر:

غازی سه‌عید وەزیرى هەرێمه‌ لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان و هاوکات ئەندامى ئەنجوومەنى جێبەجێکارى یەکگرتووى ئیسلامی کوردستانیشە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆلو گوتوویه‌تی "یەکگرتووى ئیسلامى لەگەڵ ئەوەدا نییە گۆڕانکارى لە هەرسێ سەرۆکایەتییەکەى هەرێمى کوردستان بکرێت، بەڵکو دەیانەوێت سەرۆکى هەرێمى کوردستان مەسعود بارزانى، سەرۆکوەزیران، نێچیرڤان بازرانى و سەرۆکى پەرلەمان یوسف محەمەد لە پۆستەکانى خۆیاندا بمێننەوە، بەڵام پێویستە هەر پێنج لایەنە سیاسییە سەرەکییەکەى هەرێمى کوردستان هاوهەڵوێست بن لەسەر مانەوەى هەرسێ سەرۆکایەتى هەرێم وەک خۆى بەبێ گۆڕانکارى".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كگرتوو ده‌رباری رۆڵی توركیا له‌ ناوچه‌كه‌ و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ توركیا به‌ ئاژانسه‌ توركییه‌كه‌ی گوتووه‌"ئەوەندەى ئێمە مامەڵەمان لەگەڵ تورکیا کردووە و سەرنجمان داوەتێ پارتى داد و گەشەپێدان(ئاک پارتى) تاکە حزبە کە بە گرنگییەوە لە دۆزى کوردى روانیوە، ئەگەر بەراوردی بکەین بە حکوومەتەکانی پێشووی تورکیا ئاک پارتی سیاسەتێکى زۆر جیاوازى هەیە بەرامبەر بە هەرێمى کوردستان، ئەمەیش بووەتە جێگەى ئومێدى ئێمە".

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی گوتووه‌"هەر کاتێک گەلى کورد بڕیارى سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان بدات، گەشبینین بەوەى تورکیا پاڵپشت و هاوکار دەبێت و دژى سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان نابێت، لە سایەى ئاستى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا و حکوومەتى ئێستای تورکیا ئەو گەشبینییەمان بۆ دروست بووە".

وه‌زیره‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، پێشتر ئەندامى پێشووى لێژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان بووە، بۆیه‌ له‌و دیداره‌دا ده‌رباره‌ی ره‌وشی دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان و تێپەڕاندنى قەیرانى دارایی لە هەرێمى کوردستان دەڵێت" ئەو قەیرانە داراییە سەختەى رووی لە هەرێمى کوردستان کردووە لە هۆکارە دەرەکى و ناوخۆییەکانى سەرچاوەى گرتووە، هۆکارە دەرەکییەکان بریتین لە شەڕى داعش، روو تێکردنى زیاتر لە ملیۆنێک ٨٠٠ هەزار ئاوارە بۆ هەرێمى کوردستان تا ئێستاش هاتنى ئاوارە بەردەوامى هەیە ئەمە بارى هەرێمى کوردستانى قورس کردووە، لە هەمان کاتیشدا بڕینى بوودجەى هەرێمى کوردستان لەلایەن بەغدا بەشێکى سەرەکى بوو لە دروست کردنى قەیرانەکان و، هەروەها لە کاتێک هەرێمى کوردستان سەربەخۆ نەوتى خۆى فرۆش، نرخى نەوت لە سەرتاسەرى جیهان بە شێوەیەکى بەرچاو دابەزى کە ئەمەش کاریگەرییەکى گەورەى هەبوو لەسەر دروست بوونی قەیرانى دارایی لە هەرێمى کوردستان، چونکە هەرێمى کوردستان پشتى بە داهاتى نەوت بەستوە بۆ دابین کردنى بوودجەى هەرێم و دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران".

سەبارەت بە هۆکارە ناوخۆییەکان دەشڵێت "هۆکارى ناوخۆیی بۆ دروست بوونى قەیرانى دارایی لە هەرێمى کوردستان سیستەمى حکومڕانى هەردوو حزبى سەرەکى بووە، چونکە لە ٢٤ ساڵى رابردووئەو دوو حزبە دەسەڵاتدار بوونە تا ئێستاشى لەگەڵدا بێت، فشارێکى زۆریان بۆ خۆیان دروست کرد بە هۆى دامەزراندنى ژمارەیەکى یەکجار زۆر لە فەرمانبەر کە لە ملیۆنێک ٤٠٠ هەزار فەرمانبەر لە ئێستا هەیە لە هەرێمى کوردستان، کە ئەمە لە هیچ وڵاتێکى جیهان نەبووە بەو رێژەی ٢٤ لە سەدى هاووڵاتى دابمەزرێندرێن و لەسەر کەرتى گشتى بکرێن مووچەخۆر، لە کاتێکدا ستاندارتى جیهانى دامەزراندنى هاووڵاتییان تەنها لە نێوان ٤ تا ٨ لە سەدایە".

سه‌رچاوه‌: ئاژانسی ئه‌نادۆلو