"ئەبوبەکر بەغدادی گەمارۆدراوە"

ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنی بەشی رۆژئاوای مووسڵ بەمزووانە دەستپێدەکات

K24 - ھەولێر

سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی رایدەگەیەنێت، ئەبوبەكر بەغدادی رێبەری رێكخراوی داعش گەمارۆدراوە، ھەروەھا ھێزەکانی عێراق توانیویانە لە رووی سەربازییەوە داعش لە عێراق لەناوبەرن.

عەبادی لەمیانی چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی فرانس24، رایگەیاند، ئێستا چەکدارانی داعش ورەیان بەتەواوەتی رووخاوە، ئاشکراشی کرد ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنی بەشی رۆژئاوای مووسڵ، بەمزووانە دەستپێدەکات.

ھەروەھا عەبادی ئەوەشی ئاشکرا کرد ئەبوبەکر بەغدادی گەمارۆدراوە و ئێستا بەتەنیا ماوەتەوە، ئەمەش بەھۆی ئەوەی زۆربەی راوێژکار و کەسە نزیکەکانی کوژراون.

لەبارەی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە راگرتنی پێدانی ڤیزا بە ھاووڵاتیانی عێراق، عەبادی رەخنەی لە ترەمپ گرت و رایگەیاند مافی هیچ وڵاتێک نییە، وڵاتێکی دیکە شەرمەزار بکات.

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/d7efff56-0de6-46b9-be95-ec97cd688bc3/Abadi%20F24%20interview.ism/manifest