ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك كۆدەبێتەوە

بە سەرپەرشتی بارزانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی كۆدەبێتەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان كۆدەبێتەوە، ئەندامێكی سەركردایەتی پارتیش تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە بۆ كوردستان24 ئاشكرا دەكات.

ھیوا ئەحمەد ئەندامی سەركردایەتی پارتی بە كوردستان24 گوت: "یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە چاكسازی و گۆڕانكارییەكانی ناوحزبە و ئەمڕۆ بەشێوەیەكی چڕتر باسی لێوەدەكرێت و رەزامەندی ئەنجوومەنی سەركرایەتی لەسەر وەردەگیرێت".

گوتیشی: "جارێ وردەكاری گۆڕانكارییەكە دیارنییە و نازانرێت ھەموو بەرپرسی لقەكان دەگۆڕدرێن یان نا".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی ئەوەشی خستەڕوو: "پەیوەندی لایەنە سیاسییەكان و دانوستانی پارتی لەگەڵ یەكێتی و لایەنەكانی دیكە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە دەبێت".

ھیوا ئەحمەد ئاشكرای كرد: "لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی تاوتوێ، چوونی شاندێكی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا دەكرێت".