گوتەبێژی پارتی: كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە پۆستەكانی نێوخۆی پارتی كراون

پرسی سەربەخۆیی لەگەڵ بەغدا تاوتوێ دەكەین
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

دوای كۆتایی ھاتنی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەكرد كە چەند پرسێك لە كۆبوونەوەكە تاوتوێكراون و رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەكەدا كۆمەڵێك بڕیار و راسپاردە خراونەتەڕوو، بۆ رێكخستنەوەی نێوخۆی پارتیمان و كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە مەكتەب و دەزگا و لقەكان كراون".

لە وەڵامی پرسیارێكی كوردستان24 لەبارەی دانووستانەكانی شاندی پارتی لەگەڵ لایەنەكان و چوونی شاندێكی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا گوتەبێژی پارتی گوتی: "بۆ رێكخستنەوەی بارودۆخەكە یەك پاكێجمان بۆ حزبەكان ھەیە".

گوتیشی: "شاندی لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ بەغدا باسی پرسە سیاسییەكان دەكات لە سەرووی ھەمووشیانەوە، پرسی سەربەخۆیی لەگەڵ بەغدا تاوتوێ دەكەین".