ترەمپ بانگھێشتی عەبادی دەكات

ترەمپ بە پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی عێراق بەسەر داعش، پێداگری لەسەر لێھاتوویی عەبادی دەكات بۆ سەركردایەتی كردنی ھێزەكانی عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر

K24 - ھەولێر

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ بانگھێشتی حەیدەر عەبادی دەكات سەردانی وڵاتەكەی بكات.

نووسینگەی عەبادی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند ترەمپ پەیوەندی بە عەبادییەوە كرد و پشتگیریی واشنتۆنی بۆ بەغدا لە شەڕی دژی تیرۆر دووپات كردەوە و باسیان لە داویین پێشھاتەكانی شەڕی دژی داعشیان كرد.

ئەوە دووەم پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان ترەمپ و عەبادییە، پاش ئەوەی كە ترەمپ لە رۆژی 20 كانوونی دووەمی رابردوو بووە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

لە بەیاننامەكەدا ھاتووە "ترەمپ پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی عێراق بەسەر داعش و پێداگریشی لەسەر لێھاتوویی عەبادی كرد بۆ سەركردایەتی كردنی ھێزەكانی عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر".

ھەر لەم پەیوەندییەدا، ترەمپ بانگھێشتی عەبادی كرد بۆ ئەوەی سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكات.

عەبادی لە لایەن خۆیەوە پێداگری لەسەر گرنگی پێداچوونەوە بە بڕیاری ئەم دواییەی ترەمپ دەرھەق ھاووڵاتیان و كۆچبەرانی عێراقی كرد كە لە بریارێكدا ھاتنەناوەوەی و پێدانی ڤیزا بە ھاووڵاتیان و كۆچبەرانی عێراق و شەش وڵاتی دیكەی بە زۆرینە موسڵمان قەدەغە كرد.

ھەرچەندە بڕیاری ترەمپ لەلایەن دادگا ھەڵوەشێندرایەوە و لە دوایین پێشھاتیشی، دادگای پێداچوونەوەی ئەمریکا دوای دانیشتنی گوێگرتن لە تانەی پارێزەرانی ئیدارەی ترامپ، بە یەكجاری ئەم دۆسیەی داخست، بەڵام جۆرێك لە نامتمانەیی عێراق بەرامبەر ئەمریكا دروست كرد.

ئەمریكا لە چوارچێوەی سەرۆكایەتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش ھاوكاری و پشتگیری عێراقی كرد بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش و دواترینیان شەڕی موسڵە كە بەری چەپی شارەكە بە تەواوەتی كۆنترۆل كراوە.

پەیوەندی تەلەفۆنی ترەمپ و عەبادی ھاوكاتە لەگەڵ ئامادەكاری بۆ كۆنترۆڵكردنی بەری راستی شار موسڵ، پاش ئەوەی كە بەشی چەپی شارەكە لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباما كۆنترۆڵكرا.

JS