بڕیارەكەی ترەمپ بە یەكجاری ھەڵوەشایەوە

ھیلاری كلینتۆن گاڵتە بە ترەمپ دەكات

K24 - ھەولێر

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە دەست لێدانێكی یاسایی دەناڵێنێت، پاش ئەوەی دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵ بە یەكجاری بڕیارەكەی لەبارەی ھاووڵاتیان و كۆچبەرانی حەوت وڵاتی بە زۆرینە موسڵمان ھەڵوەشاندەوە.

سێ دادوەر رۆژی پێنجشەممە پاش گوێگرتن لە پارێزەرانی ئیدارەی ترەمپ، داواكاری سەرۆكەكەیان رەتكردەوە بۆ دووبارە كارپێكردن بە بڕیاری قەدەغەكردنی ھاتنە ناوەوەی ھاووڵاتیانی ھەر 7 وڵاتی ئێران، عێراق، سوریا، لیبیا، یەمەن، سودان و سۆماڵ بۆ ئەمریكا.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رۆژی 27  كانوونی دووەمی رابردوو بڕیاریدا بۆ ماوەی 90 رۆژ ھاتنی ھاووڵاتیان ئەم 7 وڵاتە بۆ ئەمریكا قەدەغە بكرێت، لەگەڵ قەدەغەكردنی 120 رۆژ وەرگرتنی كۆچبەرانی ئەم 7 وڵاتە.

لە یەكەم ھەنگاوی یاسایی گشتگیر بەرامبەر بڕیارەكەی ترەمپ، دادوه‌ری فیدراڵی له‌ سیاتڵی ئه‌مریكا جەیمس رۆبارت رۆژی 3 شوباتی 2017 بڕیاركەی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا  بۆ رێگه‌گرتن له‌ هاتنی هاووڵاتیانی 7  وڵاتی زۆرینه‌ موسوڵمان بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ھەڵوەشاند و به‌سه‌ر هه‌موو ویلایه‌ته‌كانی ئه‌مریكادا گشتاند، پاش ئەوەی ھەندێ دادوەر لە چوارچێوەی ھەندی دۆسیەی تایبەت كاركردن بە بڕیارەكەی ترەمپیان ھەڵوەشاند.

ھەر ئەوكات وەزارەتی دادی ئەمریكا رەخنەی لە بڕیاری دادوەری ویلایەتی واشنتۆن گرت و داوای ھەڵوەشاندنەوەی كرد، بەڵام دادگای پێداچوونەوەی سان فرانسیسكۆ داواكاری وەزارەتی دادی ئەمریكا بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادوەری ویلایەتی واشنتۆنی رەتكردەوە.

پێش ئەوەی كە سێ دادوەری فیدراڵ بڕیاری كوتایی لە بارەی ئەم دۆسیە بدەن، ترەمپ لە تویتێكدا بڵاوی كردەوە " لە دادگا دەتانبینم، ئاسایشی نیشتمانیمان لە مەحەك دایە".

بەڵام بە پێچەوانەی پێشبینی ترەمپ دادگای فیدراڵ داواكاری كۆشكی سپی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادوەری سیاتێل و دووبارە كاركردن بە بڕیاری ترەمپ رەتكردەوە.

ھەر پاش دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵ، ھیلاری كلینتۆن بەربژاری پێشووی دیموكراتەكان بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا و ركابەری ترەمپ لە ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی گاڵتەی بە ترەمپ كرد و لە تویتێكدا نووسیوویەتی 3 بە 0.

سەركەوتنی یاسا بەرامبەر كۆشكی سپی

ئەوە دووەمجارە كۆشكی سپی لە دۆسیەی ھاوشێوە بەرامبەر یاسا دەدۆڕێنێت. باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لە ساڵی 2014 بڕیارێكی ھاوشێوەی ترەمپی دا بۆ دەركردنی 4 بۆ 5 كۆچبەری نھێنی، بەڵام دادگای باڵا بڕیاری دادوەرێكی فیدراڵ لە تێكساس لە دژی بڕیارەكەی ئۆباما پەسند كرد كە دادوەرەكە پێی وابوو ئۆباما سنووری دەسەڵاتەكانی تێپەڕاندووە و بريارەكەشی ھەڵوەشاندەوە.

بڕیارەكەی ترەمپ لە رۆژی 27 كانوونی دووەمی رابردوو سەرلێشێواوییەكەی زۆری بۆ فرۆكەخانەكانی جیھان، ھاووڵاتیانی ھەر حەوت كە دەچوونە ئەمریكا و ھەروەھا بەرپرسانی پەیوەندیداری ئەمریكا دروست كرد.

زۆرێك لە ھاووڵاتیانی ئەم وڵاتانە لە نیوەی رێگادا بو وڵاتەكانیان گەڕێندرانەوە و نزیكترین نموونەش ئەم ھاووڵاتییە كوردەی ھەولێر بوو كە بە خێزانەكەیەوە لە فڕۆكەخانەی قاھیرە بۆ ھەولێر گەڕێندرایەوە.

JS