توركیا وەڵامی روسیا دەداتەوە

ئەو شوێنەی لە لایەن فڕۆكەكانی روسیا بۆردومانكرا، سەربازانمان لانیكەم 10 رۆژ پێشتر لەوێ بوون

K24 - ھەولێر

لەبارەی كوشتنی سێ سەربازی تورك و برینداربوونی 11 دیكە سوپای ئەم وڵاتە لێدوانێكی گوتەبیژی پوتین رەت دەكاتەوە و دەڵێت روسەكان ئاگاداری ئەوە بوون ئەو شوێنەی لە لایەن فڕۆكەكانی روسیا بۆردومان كراون، سەربازانی تورك لێ بوون.

رۆژی 8 شوباتی 2017 فڕۆكەكانی روسیا لە ناوچەی باب 3 سەربازی تورك دەكوژن و 11 دیكەشی بریندار دەكەن.

ھەر پاش ئەم رووداوە، گوتەبیژی كۆشكی كرملین دمیتری پێسكۆڤ رایگەیاند "بۆردومانی فڕۆكەكانیان بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنی توركی ئەنجامدراوە و شوێنی بۆردومانەكەشی لە لایەن توركەكانەوە دیاری كرابوو".

بەڵام سوپای توركیا ئەم لێدوانەی كۆشكی كرملین رەت دەكاتەوە و دەڵێت "ئەو شوێنەی لە لایەن فڕۆكەكانی روسیا بۆردومان كراوە، سەربازانمان لانیكەم 10 رۆژ پێشتر لەوێ بوون و ھەر ئەو رۆژ كاتژمێر 23:11  دووبارە بە ناوەندی حمیمیم راگەیەنرا كە سەربازەكانمان لەو شوێنەن".

پەیوەندییەكانی روسیا و توركیا بە ھۆی قەیرانی سوریا بەرزی و نشیوی زۆر بە خۆوە بینیەوە.

رۆژی 24 تشرینی دووەمی 2015 فڕۆكەیەكی توركیا بە بیانووی بەزاندنی سنووری وڵاتەكەی فڕۆكەیەكی روسی خستە خوارەوە.

بەھۆیەوە پەیوەندی نێوان ھەردوولا تا ئاستی پچڕان تێكچوو و روسیا كۆمەڵە سزایەكی ئابووری و لوجستی بەسەر توركیای سەپاند.

شكستی كودەتای 15 تەموزی 2016 توركیا، خاڵە وەچەرخانیكی گرنگ لە پەیوەندی نێوان ھەردوو وڵات بەدی ھێنا، پاش ئەوەی پوتین پشتگیری خۆی بۆ ئەردۆغانی راگەیاند.

دواتر توركیا بە گلوپی سەوزی روسیا لە  رۆژی 24 ئابی 2016 بە بەشداری گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی نزیك لە ئەنقەرە لە ژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "قەڵغانی فورات" ھێرشی كردە سەر جەرابلوس و ماوەی چەند مانگێكیشە ھەوڵی كۆنترۆڵكردنی سەنتەری ناحیەی باب دەدات و ئامانجێشی پێشیگرتنە بە ھێزەكانی رۆژئاوای كوردستان بۆ ئەوەی ناوچە كوردییەكانی یەك نەخات. بەتایبەتی عەفرین و كوبانێ پێكەوە نەبەستێتەوە، پاش ئەوەی كە شاری منبجیان كۆنترۆڵ كرد.

توركیا و روسیا لە شەڕی باب ھەماھەنگیان ھەیە و چەندینجار پێكەوە ئۆپەراسیۆنی ھەواییان دژی داعش ئەنجامدا، بە تایبەتی پاش ئەوەی ھێزەكانی رژیمی سوریا لە رۆژی 22 كانوونی دووەمی 2016 بە بەشداری ھاوپەیمانەكانی تەواوی شاری حەلەبی كۆنترۆڵ كرد.

ھەر پاش ئەم سەركەوتنەی ئەسەد و ھاوپەیمانەكانی لە حەلەب، روسیا بە پشتگیری توركیا بەسەر ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكانی بازدا بۆ دەستپێكردنی قوناغێكی نوێی دانوستانی نێوان رژێم و ئۆپۆزسیۆنی سوریا، بۆ ئەوەش دەستپیشخەری دانوستانەكانە ئاستانای كرد.

JS