ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ده‌ستله‌كارده‌كێشێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
ئازاد جندیانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و لێپرسراوی پێشووی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی ئه‌و حزبه ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی ده‌داته هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی تاڵه‌بانی و مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی.
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی له ئۆفیسی جوندیانییه‌وه دراوه‌ته میدیاكان، شه‌وی رابردوو ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بڕیاری وازهێنانی له یه‌كێتیداوه و به رێگه‌ی ئیمه‌یل نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی بۆ كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی و به‌رهه‌م ساڵح جێگری دووه‌می سكرتێری گشتی و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی ناردووه.
ئازاد جندیانی پێشتر لێپرسراوی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بووه و ماوه‌یه‌ك وه‌ك وته‌بێژی ئه‌و حزبه ده‌ستنیشانكرابوو، به‌ڵام له دوای نه‌خۆشكه‌وتنی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و فره‌مینبه‌ری له لێدوان و بڕیاره‌كانی ناو ئه‌و حزبه‌دا، ده‌ستی له وته‌بێژی هه‌ڵگرت، هه‌رچه‌نده پێشتر وه‌ك لێپرسراوی راگه‌یاندنی حزبه‌كه‌ش له‌و پۆسته‌دا نه‌مابوو.
دوای راگه‌یاندنی ناوه‌ندی بڕیاری یه‌كێتی كه جێگرانی سكرتێری گشتی سه‌رپه‌رشتیان ده‌كرد، جوندیانیش یه‌كێك بوو له‌و ئه‌ندامانه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی كه ره‌خنه‌ی له سیاسه‌ته‌كانی ناو حزبه‌كه‌ی وقۆرخكردنی له لایه‌ن باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د هه‌بووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له به‌یاننامه‌ی ناوه‌ندی بڕیاردا رۆژی 1/9/2016 راگه‌یێنرا.
جندیانی كه پێشمه‌رگه‌یه‌كی دێرینی كوردستانیش بووه، له‌و دواییانه‌دا چه‌ندین جار وتاری ره‌خنه‌ئامێز ی ده‌رباره‌ی بارودۆخی ناوخۆیی حزبه‌كه‌ی له میدیاكاندا بڵاوكردبووه‌وه.
ئه‌م ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئازاد جندیانی له كاتێكدایه، بڕیاره ئه‌مڕۆ شه‌ممه 11/2/2017 مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ یه‌كه‌مجار به ئاماده‌بوون و سه‌رپه‌رشتی تاڵه‌بانی كۆببێته‌وه.
زانیارییه‌كان ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن كه هه‌رچه‌نده تاڵه‌بانی ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌یه، به‌ڵام كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی كۆبوونه‌وه‌كه به‌ڕێوه‌ده‌بات و زۆربه‌ی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوو باڵه‌كه ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه ده‌بن.
به‌گوێره‌ی لێكدانه‌وه‌كان یاداشتی وازهێنانی جوندیانی كه شه‌وێك پێش ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه بۆ به‌رپرسانی حزبه‌كه‌ی ناردووه. له‌وانه‌یه ببێته باسێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ، یان بڕیارێك له‌وباره‌وه له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بدرێت، هه‌رچه‌نده تا ئێستا به فه‌رمی هیچ ناوه‌ندێكی ئه‌و حزبه ئاماژه‌ی به ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی جوندیانی نه‌داوه.