مەكتەبی سیاسی یەكێتی چەند پرسێك تاوتوێ دەكات

"بەرھەم ساڵح بەشداری كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناكات"
kurdistan24.net

K24 – سلێمانی

ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی و بە سەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی كۆدەبێتەوە، بە گوێرەی زانیارییەكان دكتۆر بەرھەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بەشداری لە كۆبوونەوەكە ناكات.

كاروان رەحمان پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "بڕیارە كۆبوونەوەكە لە ماڵی جەلال تاڵەبانی لە دەباشان بەڕێوەبچێت و تاڵەبانی بەشداری لە كۆبوونەوەكە بكات".

بە گوێرەی زانیاری پەیامنێرمان: "دكتۆر بەرھەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەشداری لە كۆبوونەوەكەدا ناكات".

پەیامنێرمان راشیگەیاند: "بڕیارە لەو كۆبوونەوەیەدا چەند تەوەرێك تاوتوێ بكرێن وەك، پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی، پڕۆژەی عەممار حەكیم، ناوچە رزگاركراوەكان لە دەستی داعش، گۆڕانكاری لە ئاسایشی گەرمیان".