په‌یجی فه‌رمی ئازاد جندیانی هاككرا

نووسینگه‌ تایبه‌تییه‌كه‌ی روونكردنه‌وه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

دوای رۆژێك له‌ ئاراسته‌كردنی نامه‌ی وازهێنانی بۆ به‌رپرسانی حزبه‌كه‌ی و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، په‌یجی فه‌رمی ئازاد جندیانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، هاككراوه‌.

نووسینگه‌ی تایبه‌تی ئازاد جندیانی له‌وباره‌یه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاندووه‌:" به‌هه‌موو لایه‌ك رائه‌گه‌یه‌نین كه‌ په‌یجى فه‌رمى كاك ئازاد جندیانى هاك كراوه‌و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كى به‌به‌ڕێزیانه‌وه‌ نه‌ماوه‌و له‌ناوه‌رۆكه‌كه‌ى به‌رپرس نیین و له‌ئێستادا هیچ په‌یج و ئه‌كاونتێك نییه‌ كه‌ هی ناوبراو بێت".

هاككردنی په‌یجه‌كه‌ی جندیانی پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و نامه‌ دوور و درێژ هات كه‌ تێیدا ره‌خنه‌ی له‌ سیاسه‌تی حزبه‌كه‌ی پاش نه‌خۆشكه‌وتن و له‌ مه‌یدانی كار دووركه‌وتنه‌وه‌ی تاڵه‌بانی گرتبوو، به‌ تایبه‌تی هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ باوه‌ڕبوونی خۆی به‌ پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دووركه‌وتنه‌وه‌ی حزبه‌كه‌ی له‌و ئاراسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌.

 

ئه‌مه‌ش ده‌قی نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی ئازاد جندیانییه‌

برایانی به‌ڕێزم كاك كۆسره‌ت و كاك دكتۆر به‌رهه‌م جێگرانی سكرتێری گشتی یه‌كیێتی نیشتمانی كوردستان

خوشك و برایانی به‌ڕێزی مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی

خوشك و برایانی به‌ڕێزی  ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند

 به‌ سڵاوی گه‌رم و برایانه‌وه‌ .

به‌رله‌هه‌ر شتێك ئه‌بێ ئه‌وه‌ به‌ڕوونی بڵێم و به‌ئێوه‌و به‌ ئۆرگان و هه‌ڤاڵانی ناوخۆی یه‌كێتی و هێزی پێشمه‌رگه‌و كه‌س وكاری شه‌هیدانی سه‌ربه‌رز ڕابگه‌یه‌نم ، كه‌ ئه‌گه‌ر جه‌نابی مام جه‌لال له‌گه‌ڵماندا له‌ كایه‌كه‌دا بووایه‌ ، سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی هه‌ر سه‌رنج و ڕه‌خنه‌یه‌ك، ئه‌م نامه‌یه‌ هه‌رگیز نه‌ئه‌نووسرا .

به‌ڕێزان ... ئه‌مساڵ چل ساڵی ڕه‌به‌ق به‌سه‌ر په‌یوه‌ندی كردنم به‌ ڕیزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان (كۆمه‌ڵه‌)دا تێ ئه‌په‌ڕێ . له‌ماوه‌ی ئه‌و چل ساڵه‌داو له‌ هه‌موو  قۆناخه‌كانی خه‌باتی نهێنی شارو شاخ و قۆناخی دوای ڕاپه‌ڕین و دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عس، به‌قه‌د تواناكانی خۆم و بگره‌ پتریش له‌ تواناكانم، له‌ پێناوی ستراتیژی كوردایه‌تیدا، كه‌ ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بووه‌ وه‌ك پێشمه‌رگه‌و كادر و نووسه‌ر و بواره‌كانی تر له‌ ڕیزه‌كانی یه‌كێتیدا تێكۆشاوم. جگه‌ له‌مه‌ترسیه‌كانی خه‌باتی نهێنی و ژیانی سه‌ختی پێشمه‌رگایه‌تی به‌ غیابیش له‌لایه‌ن دادگا فاشیستیه‌كانی ڕژێم زیندانی هه‌تا هه‌تاییم بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌. هاوكات له‌و چل ساڵه‌ی خه‌باتمدا شه‌ره‌فمه‌ندبووم كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌یان و سه‌دان و بگره‌ هه‌زاران هه‌ڤاڵی ڕێكخستنی نهێنی و پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتیانی خه‌باتگێڕو دلسۆزی شۆڕش و كوردایه‌تیدا ئاشنابووم، كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و هه‌ڤاڵ و هاوڕێیانه‌م شه‌هید یان كه‌مئه‌ندام بوون . ئێستاو دواتریش هاوخه‌باتی و هاوسه‌نگه‌ریم له‌گه‌ڵ هه‌موویان بۆ من ئه‌مڕۆو به‌یانیش جێی شانازییه‌،  هه‌ربۆیه‌ به‌ ئه‌ركی ئه‌خلاقی خۆمی ئه‌زانم كه‌ له‌م نامه‌یه‌شمدا درود بنێرم بۆ گیانی شه‌هیدانی سه‌ربه‌رزی كوردستان و بۆ هه‌موو ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ش، كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ هێشتا له‌ ژیاندا ماون .

به‌ڕێزان .. به‌درێژایی ته‌مه‌نی تێكۆشانم له‌ ڕیزه‌كانی یه‌كێتیدا، دڵسۆزانه‌و سه‌ر ڕاستانه‌  كارم كردووه‌، له‌وه‌ش دیارتر هه‌ر له‌ كۆنگره‌ی یه‌كه‌مینی یه‌كێتیه‌وه‌، كه‌ هه‌ڤاڵ مام جه‌لال كه‌وته‌ به‌ر هێڕشی ناڕه‌واو تا هه‌موو ئه‌و قۆناخ و ساته‌ وه‌ختانه‌ی كه‌ له‌ناوخۆی یه‌كیێتیدا پیلان له‌ دژی یه‌كێتی و هه‌ڤاڵ مام جه‌لال گێردراوه‌ ، من له‌و سه‌نگه‌ره‌دا وه‌ستاوم كه‌ سه‌نگه‌ری به‌رگریكردن بووه‌ له‌ شكۆی یه‌كێتی و هه‌ڤاڵ مام جه‌لال، كه‌ له‌ هێندێ قۆناخدا ئه‌و لایه‌نگرییه‌ بێ په‌روایه‌ی وه‌ك من و كه‌سانی تریش باجی زۆری هه‌بووه‌، به‌ڵام من سڵم نه‌كردۆته‌وه‌ .

به‌ڕێزان . له‌دوای دواهه‌مین نه‌خۆشكه‌وتنی هه‌ڤاڵ مام جه‌لاله‌وه‌، كه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ركرده‌ جێ متمانه‌یه‌ی زۆرانمان به‌هۆی باره‌ ته‌ندروستییه‌كه‌یه‌وه‌ لێمان داببڕێ و له‌كایه‌كه‌دا نه‌مێنێ، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هه‌ڤاڵانی ئاستی باڵاو مام ناوه‌نج و قاعیده‌ی یه‌كێتیدا، كه‌وتینه‌ خۆمان تا شان بده‌ینه‌ به‌ر ئه‌و ئیستحقاقانه‌ی، كه‌ قۆناخی غیابی كرده‌كی مام جه‌لال ڕوبه‌ڕووی یه‌كێتیه‌كانی ئه‌كرده‌وه‌. ئامانجمان ئه‌وه‌بوو، كه‌ یه‌كێتی به‌ شكۆی جارانیه‌وه‌ بهێڵینه‌وه‌ و هاوكات كۆك و ئاوێته‌ بێ به‌ ماناو ده‌لاله‌ت و زه‌روریه‌ته‌كانی تێكۆشانی سه‌رده‌م و ئاینده‌خوازی. به‌داخه‌وه‌، ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی كه‌ بڕوامان به‌وه‌ هه‌بوو، یه‌كێتی سه‌ر له‌نوێ له‌سه‌ر بناغه‌ی ڕه‌سه‌نایه‌تی مێژوویی خۆیی و مۆدێرنه‌تركردنی پێناسه‌ بكه‌ینه‌وه‌و به‌رخورداری بكه‌ینه‌وه‌ به‌ شوناس و په‌یكه‌ره‌و گوتاری نوێ و وه‌ك سه‌ره‌تاكانی دامه‌زراندنی بیكه‌ینه‌وه‌ به‌ نه‌ك ته‌نیا دامه‌زراوه‌یه‌كی حزبی، به‌ڵكو بیكه‌ینه‌وه‌ به‌ دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وتۆش، كه‌ به‌ چه‌مكی نوێ و ڕوخساری نوێوه‌ ببێته‌ مه‌كۆی كه‌مه‌ندكێشكردنی نه‌وه‌كانی نوێی كوردستان و كوردایه‌تی. گه‌ره‌كم نیه‌ له‌م نامه‌یه‌مدا مێژووی قۆناخێك بگێڕمه‌وه‌، كه‌ هێشتا تیایدا ئه‌ژین و لێكه‌وته‌و جێكه‌وته‌كانی له‌ نه‌ش ونماو هه‌ڵبه‌زو دابه‌زدان. به‌ڵكو ته‌نیا مه‌به‌ستمه‌ بڵێم : به‌ داخه‌وه‌ هه‌وڵی ئه‌و به‌ر ه‌ناوخۆییه‌ فره‌ ڕه‌نگ و فره‌ ده‌نگه‌ی یه‌كێتی، كه‌ ئامانجی بوو ڕێ له‌وه‌ بگرێ غیابی كرده‌كی مام جه‌لال ببێته‌ ئه‌و چاڵه‌ مه‌ترسیداره‌ی كه‌ ئێستاكێ هه‌یه‌، دواجار ئه‌و ڕه‌وته‌ به‌هۆی هه‌ڵه‌كانی خۆیی و هه‌بوونی نه‌زعه‌یه‌كی به‌هێزی ته‌صفه‌وییانه‌، به‌و ئامانجانه‌ نه‌گه‌یشت، كه‌ بۆی تێ ئه‌كۆشا.  دیاریش نیه‌ ئه‌و زیانانه‌ چه‌ندو چۆن ئه‌بن كه‌ گومانم نیه‌ له‌وه‌ی  به‌ر یه‌كێتی ئه‌كه‌ون، له‌و سۆنگه‌یه‌دا ئه‌وه‌ی كه‌ جێی ئاماژه‌ی خێرایه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا یه‌كێتی بۆته‌ هێزێكی سیاسی په‌رت په‌رتی بێشوناسێكی دیارو به‌رجه‌سته‌بوو، له‌مه‌ش مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئَێستا یه‌كێتی له‌ده‌ستێكی ئه‌مین دانیه‌ و هه‌موو خوێندنه‌وه‌و ئاماژه‌كانیش ئه‌وه‌نیشان ئه‌ده‌ن، كه‌ له‌ داهاتووشدا ناكه‌وێته‌ ده‌ستێكی ئه‌مینی ئه‌وتۆ كه‌ كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌موو ده‌نگ و ڕه‌نگه‌كانی بێت .

به‌ڕێزان، گه‌ره‌كمه‌ به‌ ڕوونی ئه‌وه‌ش بڵێم،  ئه‌وه‌ی من و سه‌دان و هه‌زارانی وه‌ك منی له‌ یه‌كێتی دڵكرمێ و دڕدۆنگ و نامۆ كرد، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ ته‌ماوی و ناڕۆشن و گوماناوییه‌یه‌، كه‌ لانی كه‌م له‌ دوو سێ ساڵی ڕابردوودا به‌رامبه‌ر به‌ كڕۆكی ئامانجه‌ ڕزگاریخوازیه‌كه‌ی یه‌كێتی و مافی چاره‌نووس (چاره‌ی خۆنووسین) هه‌یه‌تی، كه‌ ئه‌ویش سه‌ربه‌خۆییه‌. ئه‌و ناڕۆشنی و گوماناوی بوون و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌ له‌و ئامانجه‌ له‌مێژینه‌ی كوردایه‌تی، به‌ هه‌موو  ئه‌و بڕو بیانووانه‌ش كه‌ بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌و ئامانجه‌  پڕوپاگه‌نده‌ی پێوه‌ ئه‌كرێ جێی په‌سندی هه‌زاران تێكۆشه‌ر نه‌بووه‌و نیه‌، كه‌ به‌شانازییه‌وه‌ منیش له‌و به‌ره‌یه‌دام كه‌ دژی سیاسه‌تی به‌تاڵكردنه‌وه‌ی كوردایه‌تیه‌ له‌ ناوه‌رۆكی سه‌ربه‌خۆیی .

به‌ڕێزان .. له‌لاێكی دیكه‌وه‌، یه‌كێتی كه‌  له‌ مێژووی دێرینی خۆیدا هێزێكی ده‌ستپێشخه‌رو كاریگه‌ربوو، خۆی وه‌ك هێزێكی جه‌ماوه‌ری پێناسه‌ كردبوو، به‌داخه‌وه‌ چه‌ندین ساڵه‌ ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ند خوازو بازرگانكار تیایدا نه‌ش ونمای كردووه‌و فراوان بووه‌، به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك كه‌ ئێستا له‌بری ئه‌وه‌ی ئاراسته‌ فیكری و سیاسیه‌كانی له‌یه‌كتر جیا بكه‌یته‌وه‌و بیانناسێنی، هه‌ر كه‌سێك ئه‌توانێ زۆر به‌ ئاسانی ئاراسته‌ به‌رژه‌وه‌ند خوازه‌كان و ته‌حالفاتی به‌رژه‌وه‌ندی و بازرگانی تیایدا بدۆزیته‌وه‌، له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه‌ ئێستا هاوپه‌یمانی ئه‌و ده‌سته‌و تاقم و گروهانه‌ كه‌خه‌ریكی كۆنتڕۆڵكردنی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتین تا سامان و سه‌رمایه‌ كه‌ڵه‌كه‌ بكه‌ن و دووانه‌ی ده‌سه‌ڵات و سامان، كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان ( واتا ده‌سه‌ڵات و سامان ) ئه‌ویتر به‌هێز ئه‌كاو ئه‌ویتر ئه‌پارێزێ تا له‌ناو یه‌كێتیدا له‌نێوان چه‌ند گروپێك دابه‌شى بكه‌ن. كادرو ئه‌ندام و ده‌نگده‌رو لایه‌نگرانی یه‌كێتی به‌ ڕوونی هه‌بوونی ئه‌و ئاراسته‌یه‌ ئه‌بینن و ئه‌زانن و ڕۆژانه‌ له‌ناو كۆڕو مه‌جلیسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی خۆیان و له‌ میانی ده‌رده‌ دڵه‌كانیاندا به‌به‌رده‌وامی باسی ئه‌كه‌ن .

كۆنتڕۆڵ و قۆرخكردنی یه‌كێتی، به‌مه‌رامی گرتنه‌ ده‌ستی هه‌ژموونی دووانه‌ی ده‌سه‌ڵات و سامان، به‌ تایبه‌ت دوای نه‌خۆشكه‌وتنی مام جه‌لال، هه‌موو شێواز و وه‌سیله‌یه‌كی بۆ گیرایه‌ به‌ر، به‌ نه‌خۆشی مام جه‌لال و بگره‌ به‌ جه‌سته‌ ماندوو  شه‌كه‌ته‌كه‌یه‌وه‌ . هه‌موومان بیرمانه‌ له‌ ساته‌ وه‌ختی نه‌خۆشكه‌وتنیه‌وه‌، ده‌یان جار نه‌ك ته‌نیا جه‌ماوه‌ری كوردستان و یه‌كێتی بگره‌ جه‌ماوه‌ری كوردستان و عیراقیش راستیان  له‌گه‌ڵ نه‌ئه‌وتراو بێ بڕیارو ئاگاداری حزب یان بێ بڕیار و ئاگاداری ده‌وڵه‌تی عیراق، كه‌ مام جه‌لال سه‌رۆك كۆماری بوو, كه‌یسی نه‌خۆشیه‌كه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕه‌وا به‌كار ئه‌هێنرا و له‌ هه‌ردوو جێگری سكرتێرو زۆرینه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی ئه‌شاردرایه‌وه‌و دنیاشیان پڕ كردبوو له‌ ده‌سته‌واژه‌و سیناریۆی عاتفیانه‌، تا جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی ده‌سته‌مۆو ناچار به‌ بێ ده‌نگی بكه‌ن. ئایا ئه‌وانه‌ی وایان ئه‌كرد ئامانجیان ڕێزگرتن بوو له‌ مام جه‌لال، یان به‌كارهێنانی نه‌خۆشیه‌كه‌ی بوو بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌و ئیستحقاقانه‌ی كه‌ له‌ لاێكه‌وه‌ ده‌ستووری بوون له‌ ئاستی ده‌وڵه‌تداو له‌ لایه‌نی حزبیشدا په‌یڕه‌و ئه‌ی سه‌پاندن ؟  باڵێكی حزب گه‌مه‌ی سیاسی به‌و كه‌یسه‌وه‌ ئه‌كرد و لایه‌كیش، گه‌رچی ناڕازی بوو، به‌ڵام بێده‌نگه‌ی لێ ئه‌كرد. من ئه‌مه‌وێ له‌م باره‌وه‌ سه‌رنجتان بخه‌مه‌ سه‌ر یه‌ك بابه‌ت، به‌درێژایی نه‌خۆشكه‌وتنی مام جه‌لال هیچ ڕاپۆرتێكی ڕه‌سمی تیمه‌كانی چاره‌سه‌ری ئه‌مێرجنسی به‌غدا ، كه‌ تیمی عیراق و دواتر ئێرانیش بوون، هه‌روا ڕاپۆرتی تیمی نه‌خۆشخانه‌ ئه‌ڵمانیه‌كه‌ش كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر دوورودرێژ چاره‌سه‌ریان ئه‌كرد نه‌خراوه‌ته‌ به‌رده‌م ڕای گشتی یه‌كێتی یان به‌رده‌م ئۆرگانه‌ باڵاكانی یه‌كێتیش.  هه‌موومان ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ته‌نیا گوێ بیسی لێدوانی ئه‌م یان ئه‌و ئه‌بووین له‌باره‌ی ته‌ندروستی مام جه‌لال،  بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێك ڕوون ببێته‌وه‌ كه‌ ئایا سه‌ركرده‌كه‌مان توانای نزمترین ئاستی به‌ڕێوه‌بردنی حزبه‌كه‌ی ماوه‌؟ ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی عیراق و حزبه‌ سیاسییه‌كان و فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی به‌غداو عیراقیش له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و گه‌مه‌ سیاسیه‌ی له‌سه‌ر حسابی ته‌ندروستی مام جه‌لال به‌ڕێوه‌ ئه‌چوو، خۆیان بێده‌نگ كردبوو. من ئه‌وساو ئێستاش گومانم هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و خۆبێ ده‌نگ كردنه‌ ته‌نیا ته‌عبیرێك نه‌بوو له‌ ڕێز و خۆشه‌ویستی و وه‌فا  بۆ مام جه‌لال، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ زۆره‌ كه‌ له‌ پشت په‌رده‌وه‌ زۆر ڕێك كه‌وتنی سیاسی گوماناوی، به‌ تایبه‌ت له‌ به‌غدا له‌ ئارادابووبێ، كه‌ ڕه‌نگه‌ داهاتوو ئه‌وه‌مان بۆ ساغ بكاته‌وه‌. واز له‌وه‌ی به‌غدا دێنم و دێمه‌وه‌ سه‌ر ده‌رهاوێشته‌كانی ئه‌و جۆره‌ ڕه‌فتارو سیاسه‌ته‌ له‌گه‌ڵ كه‌یسی نه‌خۆشی مام جه‌لال.  جارێ به‌ر له‌هه‌موو شتێك ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه‌ به‌ پێی په‌یڕه‌و لای سكرتێری گشتین, ئه‌بووایه‌ هه‌ر به‌ پێی په‌یڕه‌و بدرێنه‌ ده‌ست جێگری یه‌كه‌م و دووه‌می سكرتێری گشتی,  به‌ڵام وا نه‌كراو به‌شێوه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی په‌یڕه‌و ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ به‌ كرده‌وه‌ كه‌وتنه‌ ده‌ست ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی، ئه‌میش ژماره‌یه‌كی جێ بڕوای خۆی له‌ بازنه‌ی خێزانی و كه‌سانى تر, كرده‌ هاوكار یان هاوبه‌شی پراكتیزه‌كردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌، كه‌ هه‌م لای ئه‌وبوونی ده‌سه‌ڵاته‌كان و شه‌ریكه‌ به‌شه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌كانیشی،  پێچه‌وانه‌ی په‌یڕه‌و بوو به‌ ته‌واوه‌تی هیچ جۆره‌ شه‌رعیه‌تێكی نه‌بووه‌و نیه‌.  زۆر ڕێگه‌ هه‌بوون بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌م به‌ڕێوه‌بردنه‌ ناشه‌رعیه‌ بپارێزرێ، له‌وانه‌ كۆنگره‌، كه‌ پلینۆم دوا ماوه‌و مۆڵه‌تی شه‌رعیه‌تی بۆ ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ دیاركردو لیژنه‌ی باڵاش بۆ ئاماده‌كاری پێك هێنراو كاره‌كانی خۆشی ته‌واوكرد, به‌ڵام به‌ سیناریۆیه‌كی سه‌راپا گوماناوی و ناشه‌رعی ڕێگه‌ له‌ به‌ستنی كۆنگره‌ گیراو به‌مه‌ش ته‌واوی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی،  بێ هیچ هه‌ڵاوێردێك كه‌وته‌ قۆناخی له‌ده‌ستدانی شه‌رعیه‌ته‌وه‌ . كاتێك جێگری دووه‌می سكرتێری گشتی له‌ لێدوانێكدا دانی به‌ ناشه‌ڕعی بوونی سه‌ركردایه‌تی نا به‌هۆی دواخستنی كۆنگره‌و كۆتایی  هاتنی ئه‌و مۆڵه‌ته‌ی كه‌ پلینۆم دابووی بۆ به‌ستنی،  لایه‌نگرانی ناشه‌رعی بوونى كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ هه‌موو ئیمكانیه‌ته‌كانی ده‌زگای زانیاری و دژه‌تیرۆر و ده‌زگا میدییایه‌كانی یه‌كێتی به‌ توندترین شێوه‌ كه‌وتنه‌ تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌ به‌ جێگری دووه‌می سكرتێری گشتی, كه‌ ئامانجیان له‌و شاڵاوه‌ی پڕوپاگنده‌یه‌ ته‌نیا جێگری دووه‌م نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌مه‌شیان وه‌ك وه‌سیله‌یه‌ك به‌كارهێنا تا هیچ كه‌سێكی تر له‌ناو ڕیزه‌كانی ڕێكخستندا جورئه‌ت نه‌كا،  باسی كۆنگره‌ و دواجار ئیستحقاقه‌كانی كه‌یسی نه‌خۆشكه‌وتنی مام جه‌لال بكا. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ زۆر نموونه‌یی بوو تا یه‌كێتیه‌كان له‌به‌رامبه‌ر سیناریۆكانی ناشه‌رعی كردنی یه‌كێتی بووه‌ستنه‌وه‌،  به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌مانانی ناو مه‌كته‌بی سیاسیش، كه‌ لایه‌نگری به‌ستنی كۆنگره‌و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی ناوخۆی یه‌كێتی بووین له‌ڕێی كۆنگره‌وه‌، جگه‌ له‌ ناڕازیبوونێكى بێ كردار هیچی ترمان نه‌كرد .

له‌ لایێكی دیكه‌وه‌، یه‌كیێتی به‌هۆی هه‌وڵ و سیاسه‌تی قۆرخكردن و گۆڕینی ئاراسته‌ی ئیداره‌دانی یه‌كێتی به‌ره‌و سه‌پاندنی په‌یكه‌ره‌یه‌كی بنه‌ماڵه‌یی  بۆ ڕێبه‌رایه‌تی و بڕیاروه‌رگرتن،  بنه‌مافه‌لسه‌فییه‌كانی خۆی پایماڵ كرد و یه‌كیێتیان له‌و پره‌نسیپ و بنه‌ماو به‌هایانه‌ هه‌ڵگێڕایه‌وه‌ ، كه‌ له‌سه‌ری دامه‌زرابوو .

خاڵێكی تر ، كه‌ جێی له‌سه‌روه‌ستانه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێستا له‌ناوریزه‌كانی یه‌كێتی و جه‌ماوه‌ریشدا قسه‌و باس له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێنده‌ی یه‌كێتی وه‌ك حزب و پرۆسه‌ سیاسیه‌كه‌ی خراوه‌ته‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی بازرگانی و صفقاته‌كانی نه‌خراوه‌ته‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسیه‌ حزبی و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌كان ، ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بازرگانیه‌ بواری  جیاجیای گرتۆته‌وه‌ له‌ نه‌وته‌وه‌ بگره‌ بازرگانی قۆرخكراوی جگه‌ره‌و ده‌رمان و  سۆنه‌ری سنووره‌كان و بازرگانی ناشه‌رعی هێنان و بردنی ده‌ستی كاری بیانی . بێ ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و داهاتانه‌ی له‌و بازرگانیه‌ ده‌ست ئه‌كه‌وێ بخرێنه‌ خزمه‌تی هاووڵاتیان یاخۆ بخرێنه‌ خزمه‌تی كادر و ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتی . به‌واتایه‌كی تر و ڕوونتر ئێستا له‌ناو یه‌كێتیدا تۆڕێك له‌ كۆمپانیا و گروپی بازرگانی ئه‌م و ئه‌و بڵاوبۆته‌وه‌و سیمای كارتلێكی له‌ نێوان كۆمپانیاو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كان به‌ حزبه‌كه‌ به‌خشیوه‌ و ڕۆژدوای ڕۆژ سیماو مۆركی حزبایه‌تی ( مۆدێرن و نامۆدێرن ) یه‌كیێتی كاڵ و كاڵتر ئه‌بێته‌وه‌و زۆربه‌ی زۆری جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی و كادره‌كانیشی ئه‌و ڕاستیه‌ باش ئه‌زانن ، كه‌ یه‌كێتی له‌بری ئه‌وه‌ی حصرا وه‌سیله‌ی تێكۆشان و كوردایه‌تی بێت  ، ئێستا زۆرتر بۆته‌ وه‌سیله‌ی زامن كردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بازرگانی و مالیه‌كانی دوسێ گروپی ده‌ستڕۆیشتوو.  ئه‌مه‌ ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ كه‌ هه‌موو یه‌كێتیه‌كان ئه‌یزانن و به‌ ئاشكراش باسی ئه‌كه‌ن ، ڕه‌نگه‌ گه‌ڕانێكی خێرا به‌ناو تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و هه‌روا سایته‌كان به‌س بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه‌ بگه‌ین ، كه‌ قاعده‌ی یه‌كێتی ئه‌م دۆخه‌ی به‌كاڵاكردنی یه‌كێتی ئه‌زانێ و ئه‌بینێ .

دڵنیام كه‌ باسكردنی هه‌موو ئه‌و لادانانه‌ی له‌ یه‌كێتیدا ، به‌تایبه‌ت دوای نه‌خۆشكه‌وتی به‌ڕێز مام جه‌لال  به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست و به‌مه‌به‌ستی قۆرخكردن و ڕكێفكردنی یه‌كێتی ڕوویانداوه‌و به‌شێوه‌یه‌كی خێرا له‌په‌ره‌سندندان ، سه‌دان لاپه‌ڕه‌ی پێویسته‌ . كه‌ من دڵنیام زۆری پێ ناچێ كاتێك به‌رژه‌وه‌ندی قۆرخكارانی ناو یه‌كێتی به‌ توندی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات یان صفقات به‌ریه‌ك ئه‌كه‌ون ، هه‌موو ئه‌و زانیارییانه‌ی ئێستا نهێنین و ده‌ستاوده‌ست ئه‌كه‌ن ، ئاشكرا ئه‌بن و هه‌مووان  تێ ئه‌گه‌ن كه‌ چ وێرانیێك له‌ناو یه‌كێتیدا ڕوویداوه‌ . كه‌ به‌داخه‌وه‌ منیش و زۆر له‌ هه‌ڤاڵانیش ویستمان پێش به‌و ڕووداو و لادانانه‌ بگرین به‌ڵام له‌به‌رامبه‌رماندا ، به‌ تایبه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ من ڤیتۆو دژایه‌تیكردن په‌یڕه‌و ئه‌كرا .

ئێستا  دێمه‌ سه‌ر جه‌وهه‌ری نامه‌كه‌م و ئه‌مه‌وێ به‌ هه‌موو لایه‌كتان ڕابگه‌یه‌نم ، كه‌ ئه‌مڕۆ ، دوای چل ساڵ له‌ هاوڕێگه‌ بوون له‌ گه‌ڵتاندا ، بڕیارم داوه‌ ژیانی  (حزبایه‌تی) جێبهێڵم و شێوازی تر بۆ سیاسه‌تكردن و كوردایه‌تی بگرمه‌ به‌ر ، بێ ئه‌وه‌ی بۆ یه‌ك تاكه‌ ڕۆژیش له‌ ئه‌ركی كوردایه‌تی داببڕێم یان سارد ببمه‌وه‌، لای من چه‌مكی كوردایه‌تی یه‌كسانه‌ به‌ چه‌مكی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كه‌ زۆر پێشووتریش وتوومه‌ و لێشی دانابڕێم . بۆیه‌ ڕایئه‌گه‌یه‌نم ، كه‌ له‌نووسینی ئه‌م نامه‌یه‌وه‌، هه‌ر جۆره‌ په‌یوه‌ندیێكی حزبی و سیاسیم له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كۆتایی پێ دێ، هیواخوازم  دوای ئه‌وه‌ش شه‌ره‌فمه‌ند بم به‌ پاراستن و به‌رده‌وام بوونی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانم له‌گه‌ڵ یه‌كه‌یه‌كه‌تان و هه‌موو هه‌ڤاڵان و پێشمه‌رگه‌و كه‌س وكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان . هاوكات هیوادارم هه‌مووتان  ته‌ندروست  بن و له‌ ژیانی شه‌خسیتاندا سه‌ركه‌وتوو بن .

ڕێزی زۆرم بۆ هه‌موو لایه‌كتان و هه‌میشه‌ له‌شساغ وشادمان بن .

 ئازاد جندیانی

( ئازاد عبدالوهاب محمدعلی )

ئه‌ندامی یه‌ده‌گی مه‌كته‌بی سیاسی

یه‌كیێتی نیشتمانی كوردستان

9 / 2/ 2017