وەزارەتی ناوخۆ ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانی بەغدا ئاشكرا دەكات

ھێزە ئەمنییەكان بە گازی فرمێسك رێژ ھەوڵیاندا بڵاوە بە خۆپیشاندەران بكەن

K24 - ھەولێر

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند لە خۆپیشاندانی رۆژی شەممەی رابردوو 5 خۆپیشاندەر كوژران و 174 دیكەشی برینداربوون.

خوپیشاندانی رۆژی شەممەی رابردوو لەسەر داوای موقتەدا سەدر ئەنجامدرا و بە ھەزاران لایەنگری سەدر لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی عێراق بەشدارییان لە خۆپیشاندانی ملیۆنی كرد.

خۆپیشاندەران داوای گۆڕینی ئەندامانی كۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنیان كرد، كە پێیان وایە لەسەر بنەمای حزبی دانراون و ھەر بەم پێیەش كار دەكەن.

ھەر لە میانەی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان، موقتەدا سەدر لە بەیاننامەیەكدا گلۆپی سەوزی بۆ لایەنگرانی پێكرد بۆ ئەوەی بچنە ناو گەڕەكی سەوز.

پاش ئەوەی كە خۆپیشاندەران نێزیكی دەرگاكانی ناوچەی سەوز بوون، ھێزە ئەمنییەكان بەرەنگاریان بوونەوە و بە گازی فرمێسك رێژ ھەوڵیاندا بڵاوە بە خۆپیشاندەران بكەن. لە ئەنجامی ئالۆزی و پێكدادانی نێوان ھێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران "5 خۆپیشاندەر كوژران و 174 دیكەشی برینداربوون" ھەر وەك وەزارەتی ناوخۆ ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند.

لایەنگرانی سەدر لە مانگی نیسانی 2016 لە خۆپیشاندانیكی ھاوشێوە چوونە ناو ناوچەی سەوز و بینای پەرلەمانیان داگیر كرد. بەڵام دواتر كشانەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادی لە رۆژی خۆپیشاندان‌ پێداگری لەسەر مافی‌ خۆپیشاندانی‌ ئاشتیانه ‌و پاراستنی ئاسایش و ئارامی‌ هاووڵاتیان و ھەروەھا ماڵ و مولكی گشتی و تایبەتی كرد.

ھەر ئەو رۆژ جێگری سەرۆك كۆمار ئەیاد عەلاوی پشتگیری خۆی بۆ خۆپیشاندەران راگەیاند و گوتی سەرۆك وەزیران حەیدەر عەبادی بۆ ئەنجامدانی ریفۆرم جیدی نییە.

لە میانەی خۆپیشاندان بۆ داواكردنی دەست لەكاركشانەوەی ئەندامانی كۆمیسیۆن باڵای ھەڵبژاردن، موحسین موسەوی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆن دەستی لەكار كشایەوە.

بڕیارە رۆژی 16 ئەیلولی داھاتوو ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوە بچێت، بەڵام ھێشتا دیار نییە لە ھەموو پارێزگاكانی بەڕێوە دەچێت یان نا.

كوردستان24 دیمەنەكانی خۆپیشاندانی رۆژی شەممەی رابردوو لە بەغدا و تەواوی رووداوەكانی راستەوخۆ بۆ بینەرانی گواستەوە.

JS