تێگەیشتن لە خۆشەویستی و رۆژی ڤالێنتاین

Kurd24

ماوەی چەند ساڵێکە لە کوردستان زۆر بەگەرمی یادی ڤالێنتاین دەکرێتەوە. گەنجان پیرۆزبایی لە یەکتر دەکەن و هەزاران نامەی خۆشەویستی دەنووسن. من ناردنی نامە بەکارێکی مۆدێرن و جوان و پێویست دەزانم، بەڵام هەست دەکەم نووسینی یەک کورتە نامە و چەند ڕستەیەک بەشناکا... بەشناکا، چونکە ئەو خۆشەویستییە زیاتر رووکەشە و بۆ زۆربەیان لاساییکردنەوەیە.

لەراستیدا، ئێمە جارێ فێرنەبووین لە قوڵایی دڵمانەوە له‌ خۆشەویستی بگەین و ڕێز لە ژن بگرین. ئێمە لە خەباتمان بۆ مافی ژن و یەکسانی ژن لە کۆمەڵ، هێشتا لەسەرەتاین، چونکە جارێ تێناگەین و نازانین مەبەست لە خەباتی ژن و ئازادی ژن چییە.

دەمێکە لە نەزانین یان بە ئەنقەست دەمانەوێ ئازادی ژن لەگەڵ بەڕەڵایی ژن تێکەڵ بکەین، بەڕەڵاییش لەگەڵ سووکبوون تێکەڵ بکەین، سووکبوونیش لەگەڵ شەڕەف و ئەخلاق تێکەڵ بکەین، هەمووشی بۆئەوەی خەباتی ڕەوای ژن بێقیەمت بکەین و زیاتر دوايبخەین، زیاتر بە کۆیلەیی بیانهێڵینەوە و بیانچەوسێنیەوە وەک کاڵا بۆ مەبەست و تێرکردنی ئارەزووەکانمان بەکاریان بێنین. ئێمە ژن بەوشێوەیە دەبینین، چونکە دەمانەوێ هەر بەوشێوەیە بیانبینین.

تا ئێستا لەناو زۆربەی خێزانەکانی ئێمە، ژن بە کردار هاوڵاتی پلە دووە. ئەگەر هەموو ژیان و خۆشەویستی بەکەسێک بەسترابێتەوە و ئەو کەسیش هاوڵاتی پلە دووبێ، لەوانەیە ئاسان نەبی هەڵسەنگاندنی بۆبکەین، لەهەمان کات باشتر تێدەگەین، بۆچی کوڕان گوڵی پلاست بە کچی خۆشەویستیان دەدەن، بۆچی کورتەنامەی درۆیان بۆدەنووسن...

ئێمە دەبی بزانین، کۆمەڵگا ناچێتە پێش، ئەگەر بەلای کەم نیوەی پشتگوێ بخرێ و ڕێزی نەگیرێ، ناشزانین، دایکی خوێندەوار و ئازاد، منداڵ و پیاوی ئازادمان بۆ پەروەردە دەکا و ژیانیش لەگەڵ ژنی ئازاد، ژیانێکی تێرترە و لەوکات ژن، هەر تەنیا دایکی منداڵ و خێزانی پیاونییە و برادەرێکی بەوەفاشە و لەکاتی پێویست و تەنگانە باشتر بەهانای مێردییەوە دەچی و ئامۆژگاری جوانتری دەکا.

دەبی خەبات و هەڵسوکەوتمان لە کوردستان بەرامبەر بە ژن و خۆشەویستی بگۆڕدرێ و جوانتر بکرێ. دەبی کوڕ و پیاوی کورد پیشانيبدەن، کە ئەوان شایەنی ژیانی خۆشترن، ژیانی خۆشتریش بێ ژن و ژنی ئازاد نایەتە دی. دەبی ئەوان لە پیرۆزبایی و قسەکردن دەربچن. بۆئەوەی تەمەنی خۆشەویستی درێژتربی، دەبی دوو کەس لە دڵەوە خەباتی بۆبکەن و یەک میللەتیش پشتگیرییان بکا.

ژنی خوێندەوار و ئازاد گەوهەرە و چاوی ئێمەش جارێ گەوهەر نابینی، بۆیە وەک هەنگاوی یەکەم، دەبی فێربین جوانتر ببینین. ئێمە جارێ ئەوەش نازانین، ئەگەر لە کۆمەڵگایەک ژن ئازاد نەبی، پیاویش ئازاد نییە و ژنی کۆیلە مێردی کۆیلەی هەیە، مێردی کۆیلەش لە کۆمەڵگایەکی دواکەتوو و نەخۆش دەژی.

ناردنی کورتە نامەیەک (تۆم خۆشدەوێ) هیچ بەشناکات، دانی دیاریێک یان گوڵێکی لاستیک، خۆشەویستی جوانتر و تێرتر ناکا و پەیوەندییەکان توندتر ناکا. لەڕاستیدا، خۆشەویستی قومار نییە، براوە و دۆڕاوی هەبی زیان و قازانجی هەبی، خۆشەویستی هەستێکی تایبەتە و بێویستی مرۆڤ لەدایک دەبی.

ناکرێ باس لە ڤالێنتاین بکرێ و ژن پشتگوێ بخرێ، چونکە رۆژی ڤالێنتاین یان جەژنی ڤالێنتاین، نیشانەی خۆشەویستییە و مەبەست لە خۆشەویستیش هەبوونی پەیوەندیێکی روحی نێوان کچ و کوڕە، لەدڵەوە یەکتریان خۆشبوێت و بیانەوێ هەموو ژیانیان بەیەکەوە وەک خێزانێکی بەختەوەر بژین.