ململانێی نێوان سەدر و مالیکی نێو ماڵی شیعە دوولەت دەكات

سەرۆکی رەوتی سەدر و سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای هەردوولا هەوڵدەدەن هەژموونی خۆیان لە عێراق فراوانتر بکەن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، کە بڕیارە ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەکانی بەسەر چەندین بەرە دابەشکردووە، ململانێکانی موقتەدا سەدر و نوری مالیکی قووڵتر کردووەتەوە و بە بەبڕوای چاودێرانیش هەڵبژاردنی ئەمجارە کۆتایی بە یەکبەرەی نێوان شیعەکان دەهێنێت.

خۆپێشاندانەکانی چەند رۆژی رابردووی بەغدا، قووڵی کێشە و ململانێکانی نێو ماڵی شیعەکانی عێراقی ئاشکرا کرد، بەتایبەتی ململانێی نێوان سەرۆکی رەوتی سەدر و سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای زیاتر دەرخست، کە هەردوولا هەوڵدەدەن هەژموونی خۆیان لە عێراق فراوانتر بکەن.

بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان نووری مالیکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا و موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، کە بڕیارە لە نیسانی 2018 بەڕێوەبچێت، هەوڵی پێکهێنانی دووبەرەی جیاواز دەدەن، کە جگە لەلایەنە شیعییەکان لایەنەکانی کورد و سوننەش تێیدابێت.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی حەیاتی عەرەبی، بزووتنەوەی گۆڕان و سەلیم جبووری و هەندێک لایەنی دیکەی سوننی ئارەزوویانە بچنە بەرەی مالیکی، هاوکات سەدریش هەوڵی پێکهێنانی بەرەیەک بە بەشداری کوتلەی هاوپەیمانی نیشتمانی، بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی، هەروەها بە بەشداری ئوسامە نوجەیفی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق، هەندێک لایەنی دیکەی سوننە و حەیدەر عەبادی دەدات و رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە پێدەچێت مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە بەرەی دووەم بکات.

راپۆرتکە ئاماژەی بەوەشداوە، سەدر پێیوایە، مالیکی دەسەڵاتی تەواوی بەسەر دەستەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان هەیە، مانەوەی پێکهاتەی ئێستای کۆمسیۆنەکەش بە سوودی ئەو دەزانێت، بۆیەش لە خۆپیشاندانی چەند رۆژی رابردوودا لایەنگرانی سەدر داوای گۆڕینی ئەو کۆمسیۆنەیان دەکرد.

فائیق شێخ عەلی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، لەوبارەیە دەڵێ " نووری مالیکی سوودمەندی یەکەمە لە مانەوەی پێکهاتەی ئێستای کۆمسیۆن". جەختیشیکردەوە لەڕێگەی خوێنڕشتن بێت یان بەشێوەیەکی ئاشتیانە پێکهاتەی ئێستای کۆمسیۆن دەگۆڕدرێت.

لە بەرامبەریشدا، حیزبی دەعوە لە راگەیێندراوێکدا، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی سەدر بکات، بە هەڵگیرساندنی فیتنە لە عێراق تۆمەتباری کرد.

لە هەڵبژاردنی رابردوودا، شیعەکان بە بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەکان توانیان زۆرینەی پۆستە گرنگەکانی عێراق بگرنە دەست و  کورد و لایەنە سوننییەکانیش لە پۆستە گرنگەکانی حوكمڕانی بێبەش بکەن، بەڵام بەهۆی کێشەی زۆری نێو ماڵی شیعەکان پێناچێت چیدیکە شیعەکان بە تەنیا وێنەی سیاسەت لە عێراق دابڕێژن.