ده‌ست له‌ یه‌خه‌ی یه‌كتر به‌رناده‌ن

به‌رپرسانی سعوودیه‌ و ئێران به‌رده‌وامن له‌ تۆمه‌تباركردنی یه‌كتری

K24 – هه‌ولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران لە وڵامی لێدوانی وەزیری دەرەوەی سعوودیە کە گوتبووی ئێران هەڕەشەیەکی گەورەیه‌ بۆ سەر ناوچەکەیە، رایگەیاند:" سعوودیە لە بەرامبەری ئێراندا تووشی وەهم بووە و هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکە لە ئێران بکاتە دوژمن.

لە ساڵی رابردوودا، بەرپرسانی باڵای سعوودیە لە هەر بۆنە و کۆبوونەوەیەکدا رەخنەیان لە دەستێوەردانەکانی ئێران لە وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە گرتووە. لە دوایین لیدوانیشدا رۆژی یەکشەممە، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێرانی بە هەڕەشەیەک بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زانی.

عادل ئەلجوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعوودیە رایگه‌یاند:" ئێمە بە چاوی خۆمان ئەو دۆخە دەبینین وا لە لوبنان، سووریا، عێراق، یەمەن و لیبیا هاتووەتە ئاراوە. ئێمە بە چاوی خۆمان دەبینین هەموو ئەم رووداوانە بە هۆی دەستێوەردانی ئێران لە وڵاتەکانی دیکەدا روو دەدەن.

ئاژانسی هەواڵی ئیماراتیش بڵاوی کردەوە، حەفتەی رابردوو عەبدولرەحیم ئەلعوزی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە ئێرانی بە پێشێل کردنی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تۆمەتبار کردووە و گوتویەتی ئێران بەم کردەوانەی سەروەریی خاکی یەمەنی پێشێل کردووە و بووەتە هۆی پەرەسەندنی پێکدادانەکان. ئیمارات ئەندامی ئەو هاوپەیامانەتییەیە کە بە سەرۆکایەتیی سعوودیە پشتیوانی لە حکوومەتی یەمەن دەکەن.

لە بەرامبەریشدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئیسنای ئێرانی رایگەیاندووە ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی سعوودیە و ئیمارات بە هۆی نەزانی و نەبوونی زانیاریی پێویست لە سەر دۆخی ناوچەکە و کۆماری ئیسلامییە و ئەم دوو وڵاتە لە پاش ئەوەی دۆناڵد ترامپ بووەتە سەرۆک کۆماری ئەمریکا، هەڵوێستەکانیان بەرمابەر بە ئێران توندتر بووە و سیاسەتێکی توندتر لە جارانیان گرتووەتە بەر.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتووشیەتی سعوودیە بەرامبەر بە ئێران تووشی وەهم و هەڵە بووە و ئەم هەڵانەی سعوودیە پێشتریش ئەم وڵاتەیان تووشی کێشە کردووە.

بە گوتەی بەهرام قاسمی، سعوودیە هەوڵێکی زۆر دەدا و پارەیەکی زۆر خەرج دەکا بۆ ئەوەی دوژمن بۆ ئێران دروست بکات.

ئێران و سعوودیە زیاتر لە ساڵێکە هیچ پەیوەندییەکی سیاسی و دیپلۆماسیان لە نێواندا نەماوە و لە هەر دوو وڵاتی سوریا و یەمەنیش خەریکی شەڕێکی ناڕاستەوخۆن لەگەڵ یەکتردا. لەم دۆخە دا لێدوانی حەفتەی رابردووی جه‌نه‌راڵ ئەحمەد عەسیری، ڕاوێژکاری باڵای وەزیری بەرگریی سعوودیە، کە گوتبووی ئێران دەبێ بۆ ناو سنوورەکانی خۆی پاشەکشەی پێ بکرێ، رەنگە ئامانج و سیاسەتی فەرمیی حکوومەتی سعوودیە بەرامبەر بە تاران بێ.