ئەمریكا ژمارەی كوژراوانی داعش لە عێراق و سووریا ئاشكرا دەكات

"ژمارەی کوژراوانی چەکدارانی داعش لە چەند مانگی رابردوو زیادیکردووە"

K24 - ھەولێر

فەرماندەیەکی باڵای سوپای ئەمریکا لە عێراق ئاشکرای کرد، بەدرێژایی دوو ساڵ و نیوی شەڕی داعش لە عێراق و سووریا، زیاتر لە 60 هەزار چەکداری داعشیان کوشتووە.

جەنەڕاڵ رەیمۆند تۆماس فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی تایبەت لە سوپای ئەمریکا رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی چەکدارانی داعش لە چەند مانگی رابردوو زیادیکردووە، ئەمەش بەهۆی ئەو پێشڕەوییانەی هێزەکانی عێراق و سووریای دیموکرات لە سووریا ئەنجامیان داون.

ئەو جەنەڕاڵە ئەمریکییە ئەوەشی خستەڕوو، بەدرێژایی دوو ساڵ و نیوی شەڕی داعش لە عێراق و سووریا زیاتر لە 60 هەزار چەکداری داعش کوژراون، ئەمە لە کاتێکدایە هێزەکانی عێراق بەهاوکاری هێزی هاوپەیمانان زیاتر لە نیوەی شاری موسڵیان کۆنتڕۆڵکردووە و هێزی سووریای دیموکراتیش لە پێشڕەوییەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شاری رەققە بەردەوامە.