نۆكیا مۆبایلە ناسراوەكەی دەخاتەوە بازاڕ
K24 - ھەولێر
كۆمپانیای نۆكیا مۆبایلە ناسراوەكەی 3310 بە ڤێرژنێكی نوێ دەخاتە بازاڕ و لە كۆنگرەی ساڵانەی مۆبایل لە شاری بارسیلۆن لە ئیسپانیا لە كۆتاییەكانی ئەم مانگە نمایش دەكات.
ئەم مۆدێلەی مۆبایلی نۆكیا یەكەمجار لە ساڵی 2000 خرایە بازاڕ، كە ھێشتا بە ھێزی ماوەتەوە و لە وانەیە بە خۆشەویسترین مۆبایل و بە زۆرترین نەرمی نواندن لە مێژووی مۆبایل ناسراو بێت و شەحنی باترییەكەشی زۆر بە كەمی دادەبەزێت.
بە پێی ھەواڵێكی independent مۆبایلی نوێی نۆكیا لە جوری 3310 بە 59 یۆرۆ دەفرۆشرێت و كڕینیشی بیرھێنانەوەیەك دەبێت بۆ ئەو كەسانەی یەكەمجار ئەم مۆبایلەیان لە دەوروباری خۆیان دیوە.
مۆبایلی كۆنی نۆكیا 3310 لە بازاڕ و ئامازۆن بۆ كڕین ھەیە، بەڵام لە خودی كۆمپانیا بەدەست ناكەوێت.
لە لیستی ئامازۆن ھەندێ تایبەتمەندی وەك كاتژمێر، ژمێر و بیرھێنانەوە و چوار یاری سینك2، پاریس2، سپەیس ئێمپەكت و بانتۆمی وەك مواسفاتی مۆبایلەكە دیاریكراوە.
نۆكیا ھەوڵی ھێنانی ماركی خۆی بۆ جیھانی مۆبایلە ھۆشمەندەكان دەدات و كۆتایی بە فڕۆشتنی مۆبایلەكانی لە چوارچیوەی مایكرۆسۆفت دەھێنێت و ئامانجیشی بەرھەمھێنانی ڤیرژنی نوێی مۆبایلە كۆنەكانییەتی، وەك نۆكیا 215.
مۆبایلەكانی نۆكیا ئێستا لە ژێر ماركی خودی نۆكیا لە لایەن كۆمپانیای فینلەندی گلۆبال HMD بەرھەم دەھێنرێن و ھەوڵی خستنەڕووی مۆبایلی نۆكیای 3 و 5 و 6 لە كۆنگرەی ساڵانەی مۆبایل دەدات.
پێشتر كوردستان24 ھەواڵێكی میدیاكانی بریتانی بڵاو كردەوە كە ھاووڵاتییەك 17 ساڵە مۆبایلی نۆكیا "3310"ی پێییە و بە ھیچ شێوەیەك ئامادە نییە وازی لێ بێنێت.
كۆمپانیای مایكرۆسۆفت له ساڵی 2013 به بڕی 7 ملیار دۆلار كۆمپانیای نۆكیای كڕی و ئێستا خاوهندارێتی ئهو كۆمپانیا فینلهندییه دهكات.
ئاستی فرۆشی مۆبایلی نۆكیا لە ساڵی 2007 بە ھۆی دەركەوتنی مۆبایلی ئایفۆن كەم بووەوە و له ساڵی 2011 دووچاری قهیرانێكی سهخت بوو و لە ساڵی 2014 ناچاربوو بهرههمهێنانی مۆبایلە هۆشمهندەكانی رابگرێت.
JS