له‌سه‌ر كورسییه‌كه دانه‌نیشت
K24 – هه‌ولێر:
كۆشكی سپی رایگه‌یاند:" ئه‌ندرۆ بازده‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ پۆستی وه‌زاره‌تی كار ده‌ستنیشانیكردبوو، كشاوه‌ته‌وه و بڕیاره‌كه‌شی پاش ئه‌وه‌داوه كه زانیاری سه‌رنجڕاكێش ده‌رباره‌ی ژیانی تایبه‌تی و پیشه‌یی ئاشكرابووه".
بازده‌ر رۆژی 15/2/2017 له به‌یاننامه‌یه‌كدا بۆ میدیاكان رایگه‌یاند" ده‌ست له دیاریكردنم بۆ پۆستی وه‌زیری كار هه‌ڵده‌گرم"، هه‌روه‌ها گووتی هه‌رچه‌نده له ئیداره‌كه‌ی تره‌مپدا خزمه‌ت ناكه‌م، به‌ڵام به‌ته‌واوی پاڵپشتی سه‌رۆك و تیمه‌كه‌ی ده‌بم".
شۆن سپایسه‌ر گوته‌بێژی كۆشكی سپی به رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند كه ئه‌ندرۆ بازده‌ر كشاوه‌ته‌وه.
بازده‌ر ته‌نها ئه‌ندامی تیمی داهاتووی سه‌رۆكه به‌و شێوه‌یه كۆتایی به كاندیدكردنه‌كه‌ی هاتبێت، ئه‌مه وه‌ك سوكایه‌تییه‌ك به سه‌رۆك ئه‌ژمارده‌كرێت چونكه تائێستا تیمه وه‌زارییه‌كه‌ی به‌ته‌واوی پێكنه‌هێناوه. ئه‌وه‌ش به‌هۆی نه‌یارێتی پێشووی دیموكراته‌كانی ناو ئه‌نجومه‌نی پیرانه كه به‌رپرسه له هه‌موو دامه‌زراندنی پله باڵاكانی وڵات.
سیناتۆر كۆماریی ( ماركۆ رۆبیۆ ) به ده‌ستهه‌ڵگرتنی بازده‌ر خۆشحاڵی ده‌ربڕی و گووتی" به كشانه‌وه‌ی بڕیارێكی باشیداوه".
دوای كه‌متر له مانگێك له وه‌رگرتنی كورسی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، تره‌مپ دووچاری له‌مپه‌ر و گرفتی زۆر بووه‌ته‌وه، سه‌ره‌تا به ره‌تكردنه‌وه‌ی بڕیاری رێگه‌گرتن له هاتنی هاووڵاتیانی 7 وڵاته موسڵمانه‌كه له لایه‌ن دادگای فیدراڵی ده‌ستیپێكرد و دواتر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی (مایكل فلین) راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ئێستاش كاندیدی وه‌زاره‌تی كاری حكومه‌ته‌كه‌ی.
ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا ژماره‌یان (100 ) كه‌سه، بازده‌ر پێویستی به ده‌نگی ( 51 ) كه‌س ده‌بوو تا ببێته وه‌زیر، به‌ڵام زۆربه‌ی كۆمارییه‌كانی ناو ئه‌نجومه‌نه‌كه له كۆی( 52 ) ده‌نگ پاڵپشتی خۆیان بۆ ئه‌ندرۆ ده‌رنه‌بڕی، له‌وكاته‌شدا دیموكراته‌كان به‌ڵێنیاندا ئه‌وانیش ده‌نگی بۆ نه‌ده‌ن. بۆیه به‌رله‌وه‌ی كورسییه وه‌زارییه‌كه وه‌ربگرێت جێیهێشت.