خێزانێك لە رۆژھەڵاتی كوردستان كەوتە ژێر بەفر
K24 - ھەولێر
درەنگانی شەوی رابردوو لە گوندی بەردە سووری سەر بە سیلوانای پارێزگای ورمێی رۆژھەڵاتی كوردستان، خانووی خێزانێک بە تەواوی كەوتە ژێر ھەرەسی بەفر و 2 ئەندامی خێزانەکە گیانیان لەدەستدا.
جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی قەیرانی پارێزگای ورمێ داوای لە ھەموو دانیشتووانی گوندەكە و ھێزەكانی فریاكەوتن كردووە ھەوڵەكانیان بخەنە گەڕ بۆ دەرھێنانی تەرمی ئەندامانی دیكەی خێزانەکە.
بە وتەی عەباس موسەوی یەكێك لە منداڵەكانی ئەو خێزانە رزگاركراوە و تا ئێستا تەرمی دوو كەسیش لەژێر ھەرەسی بەفر دەرھێنراون.
بەھۆی بارینی بەفرەوە لە چەند رۆژی رابردوودا 22 پارێزگای ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان رووبەڕووی حاڵەتی نائاسایی بوونەتەوە و لە زستانی ئەمساڵیشدا پارێزگاكانی رۆژھەڵاتی كوردستان بەھۆی بەفر و سەرما زۆرترین قووربانیانداوە.