له خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان 3 یاری ئاگرین به‌ڕێوه‌یه
له گه‌ڕی سیزده‌یه‌می خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، سبه‌ی له كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م، 3 یاری له كاتژمێر 3:00ـی ئێواره ده‌كرێن، گاره بۆ دۆزینه‌وه‌ی تروسكایه‌ك بۆ مانه‌وه‌ی به‌ره‌نگاری هه‌ندرێن ده‌بێته‌وه، ئاراراتیش بۆ مسۆگه‌ركردنی بلیتی قۆناخی داهاتوو میوانداریی یانه‌ی سیروانی نوێ ده‌كات، له یاری لوتكه‌ش زاخۆ و كه‌ركووك به‌یه‌ك ده‌گه‌ن.
گاره ـ هه‌ندرێن
ئه‌م یارییه دوایین ده‌رفه‌تی هه‌ندرێنه بۆ گه‌یشتن به قۆناخی داهاتوو، به‌وپێیه‌ی له هه‌فته‌ی داهاتوو پشووه، هه‌ندرێن مانه‌وه‌ی مسۆگه‌ر كردووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به 3 خاڵی یارییه‌كه بۆ هه‌ولێری پایته‌خت نه‌گه‌ڕێته‌وه وه‌رزی ئه‌مساڵ بۆ هه‌ڵۆیه‌كانی دڵشاد مه‌عرووفی راهێنه‌ری هه‌ندرێن كۆتایی دێت.
له لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌م یارییه بۆ یانه‌ی گاره شه‌ڕی مان و نه‌مان ده‌بێت، ته‌نیا به بردنه‌وه له‌م یارییه ئاسۆیه‌كی كه‌می بۆ مانه‌وه ده‌مێنێت، به یه‌كسانبوون و شكست راسته‌وخۆ بۆ خولی پله‌یه‌ك داده‌به‌زێت.
هه‌ندرێن به 15 خاڵ خانه‌ی سێیه‌می گرتووه، یانه‌ی گاره‌ش كه تاكه یانه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌یه هیچ یارییه‌كی نه‌بردۆته‌وه و به كۆكردنه‌وه‌ی 5 خاڵ له خانه‌ی كۆتایی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی دێت.
زاخۆ ـ كه‌ركووك
ره‌نگه ئه‌نجامی ئه‌م یارییه ناسنامه‌ی یه‌كه‌مین بلیتی گه‌یشتنی قۆناخی چوارگۆشه‌ی زێرین ئاشكرا بكات، به‌وپێیه‌ی یانه‌ی كه‌ركووك له ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی راسته‌وخۆ گه‌یشتنی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگه‌ر ده‌كات.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، یانه‌ی زاخۆ به راهێنه‌رایه‌تی محه‌مه‌د یووسفی راهێنه‌ر، ده‌یانه‌وێت تاڵاوی هه‌مان شكسته‌كه‌ی یاری چوون به كه‌ركووكییه‌كان بنۆشن، كاتێك زاخۆ یه‌كه‌م یانه له‌م وه‌رزه كه له نێو یاریگه‌ی كه‌ركووك سه‌ركه‌وتن تۆمار بكات.
یانه‌ی زاخۆ هێشتا ده‌رفه‌تی گه‌یشتنی بۆ قۆناخی داهاتوو له‌ده‌ست نه‌داوه، به بردنه‌وه‌ی له‌م یارییه هیوایه‌كانی بۆ بڕینی بلیتی چوارگۆشه‌ی زێرین زیاد ده‌بێت.
یانه‌ی كه‌ركووك له به 16 خاڵ له پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م دێت، له به‌رامبه‌ردا، یانه‌ی زاخۆ به كۆكردنه‌وه‌ی 14 خاڵ خانه‌ی پێنجه‌می گرتووه، هه‌ردووكیشیان له هه‌فته‌ی داهاتوو دوایین یارییان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
ئارارات ـ سیروانی نوێ
ئه‌م یارییه له به‌رزارییه‌كانی پیرمام به‌ڕێوه ده‌چێت، ئاراراتی خاون یاریگه و هانده‌ر بۆ گه‌یشتن به قۆناخی داهاتوو به‌ربژێرێكی به‌هێزه، ئه‌نجامی ئه‌م یارییه‌ش چاره‌نووسی ئارارات تاڕاده‌یه‌ك دیاری ده‌كات.
له به‌رامبه‌ردا، یانه‌ی سیروانی نوێ جۆرێك له ساردبوونه‌وه‌یان پێوه دیاره، چونكه له گه‌یشتن بۆ قۆناخی داهاتوو بێهیوا بوونه و تاڕاده‌یه‌كیش مانه‌وه‌یان مسۆگه‌ره.
یانه‌ی ئارارات تاكه یانه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌یه‌تی كه ئه‌م وه‌رزه له كۆی 10 یاری ته‌نیا یه‌كجار تووشی شكست بووه، خاوه‌نی 3 بردنه‌وه، 6 یه‌كسانبوونه، به 15 خاڵ خانه‌ی چواره‌می گرتووه. سیروانی نوێ له كۆی 10 یاری، 2 بردنه‌وه، 4 یه‌كسانبوون و 4 شكستی هه‌یه، به 10 خاڵ له خانه‌ی شه‌شه‌م و پێشكۆتایی دێت.