قوباد تاڵەبانی روونكردنەوە دەداتە گۆڕان

" لە ئایندەیەكی نزیك كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوام دەست پێدەكاتەوە"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، سبەی كۆبوونەوەیەك لەنێوان قوباد تاڵەبانی سەرۆكی تیمی یەكێتی لە حكوومەتی ھەرێم و شاندێكی گۆڕان ئەنجامدەدرێت،گفتوگۆ لەسەر چەند تەورێكی تایبەت بە پشكی پۆستە ئیدارییەكانی گۆڕان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەمەش بۆ پێدانی روونكردنەوەی زیاترە بە گۆڕان".

روونیكردەوە: "ھەستمان دەكرد ھەندێك كادیری گۆڕان بەھانەی جیا جیادەگرن، بەشێوەیەك لێدوان دەدەن كە گومان ھەبێت یەكێتی لە رێككەوتننامەكە لەگەڵ گۆڕان پەشیمان بووەتەوە، ئێمە پابەندین بە رێككەوتننامەكە، ئەوەی جێبەجێنەكراوە، پەیوەندی بە كارانەبوونی پەرلەمانەوە ھەیە، بۆ ئەوەی ھاووڵاتیانیش لە راستی ئەو پڕوپاگەندانە تێبگەن، سبەی كۆبوونەوەیەك لە نێوان قوباد تاڵەبانی و كۆمیتەیەكی ھاوبەشی گۆڕان ئەنجامدەدرێت، بۆ ئەوەی بابەتەكە زیاتر روون بكرێتەوە".

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی گوتیشی: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی، باسمان لە بارودۆخی كوردستان كردووە، ھەروەھا گفتوگۆمان لەبارەی كۆبوونەوەی دوێنی نێوان یەكێتی و گۆڕان كرد".

سەعدی پیرە ئەوەشی خستەڕوو: "وەك یەكێتی رەشنووسێكمان ھەیە نەخشە رێگای یەكێتی دەبێت بۆ 2017، دوای پەسندكردنی لەلایەن ئەنجوومەنی ناوەند دەبێتە بنەمای سیاسەتی یەكێتی".

ئاشكراشی كرد: "شەممەی داھاتوو جارێكی دیكە مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆدەبێتەوە، دواتر و ھەر لە ھەفتەی داھاتوو كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەنجامبدرێت".

راشیگەیاند: لە ئایندەیەكی نزیك كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوام دەست پێدەكاتەوە".

ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی بە سەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتی بەڕێوەچوو.