برسێتی ھەڕەشە لە ژیانی 140 ھەزار منداڵ لە رۆژئاوای موسڵ دەكات

لە مانگیكدا 25 منداڵ بەھۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستدا

K24 - ھەولێر

روانگەی عێراقی بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند برسێتی ھەڕەشە لە ژیانی 140 ھەزار منداڵ لە رۆژئاوای موسڵ دەكات.

روانگەكە لە ماڵپەری خۆی بڵاوی كردووەتەوە بە دەیان منداڵ بەھۆی برسێتی لە رۆژئاوای موسڵ لە وەتەی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی گرتنەوە شارەكە لە رۆژی 17 تشرینی یەكەمی 2016 گیانیان لە دەستداوە و تەواوی مادەكانی خۆراك لە ماڵ و بازارەكانی شارەكە تەواو بوون.

بە ئاماژەپێدان بەو برسایەتییەی باڵی بە سەر رۆژئاوای موسڵ كشاندووە، دەڵێت  "ژیانی 140 ھەزار منداڵ كە لەم بەشەی شارەكە دەژین لە مەترسی دایە، پاش ئەوەی مادەكانی خۆراك تەواو بوون، لەوانە شیر و ئەو خواردنەی بۆ منداڵان پێویستن و لەگەڵ كەمبوونی ئاوی خواردنەوە، ئەگەری مردن بەھۆی برسێتی و تنوێتی زیاتر كردووە".

روانگەی عێراقی بۆ مافی مرۆڤ باس لە "مردنی 25 منداڵ لە ماوەی مانگی كانوونی دووەمی رابردوو لە رۆژئاوای موسڵ دەكات، كە تەمەنیان نێوان مانگێك بۆ 3 ساڵ دایە و بە ھۆی نەبوونی شیر و خواردنی تەواوكاری منداڵان گیانیان لەدەستداوە".

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەی ئاماژەی بەوەدا "رێكخراوی داعش سێ مانگە  بە رێگەی بازرگانە گەورەكانی شارەكە دابەشكردنی ھەر جورە مادەی خۆراكی بەسەر دانیشتوانی قەدەغە كرد، تەنیا بۆ ئەندامانی داعش و خێزانەكانیان نەبێت".

دانیشتوانی رۆژئاوای موسڵ پاش ئەوەی ئاوی خواردنەوەیان پچڕا، دەستیان بە لێدانی بیری ئاویان كرد، بەڵام ئاوەی ئەو بیرانە بۆ خواردنەوە ناشێت و زۆر حاڵەتی ژەھراویبوون بەھۆی خواردنەوەی ئەم ئاو ئەم بیرانە روویانداوە.

JS