ره‌ققه‌.. ده‌رگای ململانێی نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و تاران ده‌كاته‌وه‌

ژه‌نه‌ڕاڵه‌ شاراوه‌كانی توركیا و ئێران له‌ سووریا رووبه‌ڕووی یه‌كده‌بنه‌وه‌
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

گۆڤارێکی ئەمریکی ململانێی نێوان تورکیا و ئێران لە سووریا و بەتایبەت لە ئۆپەراسیۆنی شەڕی رەققە ئاشکرا دەکات و بڵاویکردووه‌تەوە, توركيا هاوشێوەی قاسم سولێمانی، ژەنەڕاڵێکی هەیە و هەمان رۆڵی "سلێمانی" بۆ تورکیا لە سووریا و تەواوی ناوچەکە دەگێرێت، ئەو کەسەش ژەنەراڵ زەکایی ئاکسەکاڵی فەرماندەی ھێزە تایبەتەکانی تورکیایە.

رەققە دەبێتە شوێنی رووبەروبونەوەی ژەنراڵە شاراوەکانی ئێران و تورکیا, ژەنراڵە شاراوەکان لە کێبرکێدان بۆ گەیشتن بە ئەلباب و پیادەکردنی ئەجێندای وڵاتەکانیان دوای گرتنەوەی شارۆچکەکە.

یەکێک لەو ژەنراڵانە قاسم سولەیمانیە کە بە "شمشێرەکەی ئێران لە رۆژھەڵاتی ناوەراست" ناسراوە، لە سالی 1988ەوە فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانە و دەرکەوتنەکانی لە  عێراق و سوریا دەنگدانەوەی زۆر بەدوای خۆیدا ھێنا.

سولەیمانی ساڵی 1957 لە گوندێکی ناوچەی کرمان لە باشووری رۆژھەڵاتی ئێران لەدایکبووە، خوێندنی ناوەندی تەواو کردووە و دوای چەندین ساڵ کارکردن لە بواری بیناسازیدا دواتر چووەتە ناو سوپای پاسداران.

دوای سەرکوتکردنی سەرھەڵدانەکەی خەڵکی مھاباد لە ساڵی 1979 و بەشداری لە شەری ئێران عێراقدا بەتەواوی لە کەرتی سلکی سەربازی وڵاتەکەیدا دەرکەوت.

سولەیمانی ھەندێک بە فەرماندەی سێبەر و ھەندێکیش بە داگیرکەری حەلەب و ھەندێکیش بە پلاندارێژەی مووسڵ ناوی دەبەن.

بەڵام ئێستا قاسم سولەیمانی رکابەرێکی ھەیە بەتایبەتی لە سوریا ژەنراڵ  زەکایی ئاکسەکاڵی فەرماندەی ھێزە تایبەتەکانی تورکیا کە دیارترین ھێزی تورکیایە و دوای کودەتاکەی ١٥ تەمموزی 2016 کە ئاکسەکاڵی رۆڵێکی دیاری ھەبوو لە شکست پێھێنانیدا پلەی ژەنراڵی پێبەخشرا و لەلایەن بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەیەوە پشتی پێ دەبەسترێت.

ئاکسەکاڵی ساڵی 1962 لە ئەرزرووم لە رۆژھەڵاتی تورکیا لەدایکبووە دوای تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی چووتە ئەکادیمیای جەنگی سوپا و دوای تەواوکردنی، چەندین بەرپرسیارێتی پێدراوە و ساڵی 1984 بەرپرسی ھێزی کۆماندۆ بووە و سەرپەرشتی رووبەربوونەوەکانی ھێزە تایبەتەکانی وڵاتەکەی و پەکەکەی کردووە.

بۆیەکەمجار ساڵی 2014 لە میدیاکان دەرکەوت و دەنگدانەوەی میدیای زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا. دوو ساڵ دواتر و بۆ جاری دووەم لە شەوی کودەتا شکستخواردووەکەدا دەرکەوتەوە.

بۆ جاری سێیەم لە جەرابلوس لە سوریا دەرکەوت, بەجلوبەرگێکی سادەی سەربازی کە ھیچ پلەیەکی سەربازی نەبەستبوو.

دواتر بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی ئاکسەکاڵی کە بە دووربین سەیری دەوروبەری ئەلباب دەکات، بەڵام ئەمجارەیان بەجلوبەرگی مەدەنیەوە بە ھەمان شێوەی قاسم سولەیمانی.

ھەردوو فەرماندە سەربازییەکەی ئێران و تورکیا بەبێ ئەوەی پلەیەکی ئەکادیمیان ھەبێت ناوبانگێکی زۆریان ھەیە و لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیانەوە پاڵپشتی تەواویان دەکرێت بەتایبەتی لە سوریا، سولەیمانی و ئاکسەکاڵی خاوەنی ئەزموونی سەربازین. ھەردووکیان نەیاری سەرسەختی ئەمریکان و ئەمریکا بە سەرچاوەی ناکۆکیەکانی ناوچەکە دەزانن. لە ھەمان کاتدا پشتگیری سیاسەتەکانی روسیا نیە بەڵکو بیروبۆچوونی نەتەوەیی و ئەجێندای خۆیان ھەیە لە ناوچەکەدا و دەڵێن لەجیاتی ئەوەی لە تاران و ئەنقەرە دابنیشین قسەی سیاسی بکەین خۆمان دەچین لەسەر زەوی لە عێراق و وسریا بیرۆکەکانمان جێبەجێ دەکەین. جیالەوەش نایانەوێت لە میدیاکان دەربکەون، بۆنموونە کاتێک تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو ئاکسەکاڵی بانگھێشتی ئەنقەرە دەکرێ بۆئەوەی باس لە چۆنیەتی شکستپێھێنانی کودەتاکە بکات رەتیدەکاتەوە بچێت دەڵێ من لە سوریام شەڕ دەکەم.

سولەیمانی دژی ئەندام پەرلەمانەکانی وڵاتەکەیەتی سەبارەت بە رۆڵی میلیشیا شیعەکان لە عێراق.

ھەردوو ژەنراڵەکە سەرپەرشتی ھێزێکی تایبەتی وڵاتەکەیان دەکەن لە سوریا و عێراق، لە ھەردوو وڵاتدا ھێزی ناوخۆیی ھاوپەیمانیان بۆ وڵاتەکانیان دروستکردووە و تا ئێستا ھیچ رووبەرووبوونەوەیەک لەنێوانیاندا رووینەداوە.

بەڵام بەرەوپێشچوونەکانی ئەلباب ئاماژە بەوەدەکەن ئەم رووبەرووبوونەوەی دوور نيیە رووبدات.