نزیكترین كه‌س بۆ شوێنگره‌وه‌ی ڤینگه‌ر بناسه
سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی بریتانیا ئاشكرای كردووه كه چیرۆكی 21 ساڵه‌كه‌ی ئارسن ڤینگەر لەگه‌ڵ ئارسێناڵ له کۆتایی نزیک بۆته‌وه و بەمزووانە راهێنه‌رێكی لاو شوێنی ده‌گرێته‌وه.
ئه‌مرۆ هه‌ینی 17 شووباتی 2017، پێگه‌ی ده‌یلی میره‌ری بریتانیا ئاشكرای كردووه كه نزیكترین كه‌س بۆ شوێنگره‌وه‌ی ڤینگه‌ر، راهێنه‌ره‌كه‌ی بروسیا دۆرتمۆندی ئه‌ڵمانیایه.
ڤینگەری ٦٧ ساڵان لەوەتەی ساڵی ١٩٩٦ راهێنەرایەتی ئارسێناڵ دەکات و لە ئەوروپا دێرینترین راهێنەرە تاکو ئێستا لە راهێنەرایەتی یانەکەی بەردەوام بێت، به‌ڵام شكسته گه‌وره‌كه‌ی به‌رامبه‌ر بایرن میونشن كۆتایی به ته‌مه‌نی ئه‌و راهێنه‌ره فره‌نسیه له‌گه‌ڵ تۆپچییه‌كان ده‌هێنێت.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، تۆماس تۆخێلی ته‌مه‌ن 43 ساڵه‌ی یانه‌ی دۆرتمۆند نزیكترین كه‌سه بۆ وه‌رگرتنی پۆستی راهێنه‌رایه‌تی ئارسێناڵ، تۆخێل له هاوینی 2015ـه‌وه شوێنی یۆرگن كلۆپی گرتۆته‌وه و سه‌ڕه‌رای رۆیشتنی چه‌ندان ئه‌ستێره‌ی یانه‌كه‌ی به‌ڵام زه‌رده‌واڵه‌كانیی له چامپیۆنزلیگ دانه‌بڕاندووه.
ڤینگەر ١٣ ساڵە نەیتوانیوە پرێمەرلیگ بۆ تۆپهاوێژەکانی لەندەن بەدەست بهێنێت و لەوانەیە رۆژی ٢١ـی مایۆ لە دوایین گەڕی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ بەرامبەر ئێڤەرتۆن ماڵئاوایی لە هاندەرانی یاریگەی ئیماراتس بکات و خاڵێک لە کۆتایی ئەم چیرۆکە دابنێت، کە ٢١ ساڵە لە لەندەن دەنووسرێتەوە.