بهریتانیا: پوتن ھەڕەشەی جدییە بۆ سەر دیموکراسی
K24 - ههولێر:
مایکڵ فاڵۆن وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند پوتن ھەڕەشەی جدییە بۆ سەر دیموکراسی وڵاتانی رۆژئاوا و دوایکرد پێکەوە رووبەرووی ھەرەشەکانی ببینەوە.
لە میانەى بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن وەزیری بەرگری بەریتانیا سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی بەوەی کە خەڵک و سیاسییەکان نیگەرانی لێدوانەکانی ترەمپن لەکاتێکدا ھەڕهشەی جدی ڤلادیمێر پووتنە نەوەکو دۆناڵد ترەمپ.
له بهشێكی قسهكانیدا، فاڵۆن گوتی: "ئەم ماوەیە خەڵک و وڵاتان زۆر نیگەرانی سیاسەت و ووتەکانی دۆناڵد ترەمپن. پێموایە ئەوەی کە جیگای نیگەرانیە ڤلادیمێر پووتنە، نەوەکو ترمپ، پووتن مووشەک رەوانە دەکات. پوتن ھەڵسوکەوتی توندوتیژانە دەکات و زانیاری نادروست بڵاو دەکاتەوە و پروپاگەندە دەکات نەوەکو ترەمپ".
ههروهها گوتی: "پوتنە دەستوەردەداتە کاروباری وڵاتانی دیکە و ھەرەشە لە دیموکراسیمان دەکات نەوەکو ترەمپ. ناتۆ بەشێکە لە سیستم و بەھاکانی ئێمە، پێمخۆشە لەم کۆنفرانسەدا جەخت لەوە بکەینەوە کە چۆن پێکەوە رووبەرووی ئەو ھەڕەشانە ببینەوە کە ھەڕەشەی جدیین بۆسەر دیموکراسیمان."