پۆلیسی فیدراڵی ژمارەیەك گوند لە باشووری رۆژئاوای موسڵ كۆنترۆڵ دەكات

دەست بەسەر وێستگەیەكی كارەبا و پرسگەی رێگەی موسڵ – بەغدا دەگرێت

K24 - ھەولێر

لە رۆژی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی رۆژئاوای موسڵ، ھێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ گوندەكانی " الكافور و الجماسة و البجواری"  و  پرسگەی "العقرب" لە رێگەی موسڵ - بەغدا لە باشووری رۆژئاوای شارەكە كۆنترۆڵ دەكەن.

شانەی راگەیاندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی موسڵ بە راگەیاندنی كۆنترۆڵكردنی ئەو گوندانە، ئاماژە بە زیانی گیانی و كەرەستەی سەربازیی چەكدارانی داعش لە شەڕەكانی باشووری رۆژئاوای موسڵ كرد، بێ ئەوە ژمارەكەیان ئاشكرا بكات.

ھەر ئەمڕۆ لە رۆژی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی رۆژئاوای موسڵ، شانەی راگەیاندنی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی موسڵ فەریقی روكن رەشید یارەڵڵا رایگەیاند پۆلیسی فیدراڵی گوندی "عذبة" لە رێگەی موسڵ – بەغدا و گوندی " اللزاكة" لەسەر رێگەی كۆنی حەمام عەلیل – موسڵی كۆنترۆڵ كرد و دەستی بەسەر وێستگەی سەرەكی كارەبا لە "لزاكة" گرت.

سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی رۆژی یەكشەممە 19 شوباتی 2017  دەستپێكردنی قوناغێكی دیكەی ئۆپەراسیۆنی موسڵ بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی رۆژئاوای شارەكەی راگەیاند.

رۆژئاوای موسڵ زیاتر لە 35 گەڕەك دەبێت و 40% شارەكە پێكدەھێنێت و پێشبینی دەكریت 650 ھەزار كەس لەو بەشەی شارەكە لە ژیر دەسەڵاتی داعشدا بن. ھەر یەك لە ھێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای موسڵن.

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ لە 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به‌ به‌شداری 100 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی ده‌ستیپێكرد، پاش ئەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ لە لایەن پێشمەرگە كۆنترۆڵكرانەوە، دوای زیاتر لە سێ مانگ دژە تیرۆری عێراق كۆنترۆڵكردنی رۆژھەڵاتی شارەكەی راگەیاند.

JS