مەكگورك: شەڕی موسڵ زۆر سەخت دەبێت و كاتی پێویستە

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی لە پەراوێزی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ برێت مەكگورك نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش كۆ بووەوە
kurdistan24.net

 

K24 – ھەولێر

برێت مەكگورك نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش پاش كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند كۆبوونەوەیەكی زۆر باشمان لەگەڵ سەرۆك بارزانی ھەبوو و باسمان لە چەندین خاڵی گرنگ كرد.

بۆ ئەوەش ئاماژە "بە قوناغەی ئێستای ئۆپەراسیۆنی موسڵ كرد، كە پێی وایە شەڕێكی زۆر سەخت دەبێت و كاتی پێویستە".

گوتیشی "بێ ھەماھەنگی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەم كارە ناكرێت و گفتگۆی وردمان لەبارەی ئەو شەڕە كرد بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەناوبردنی داعش".

لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری كوردستان24 لەبارەی ھاوكاری ئەمریكا بۆ كورد لە شەڕی دژی داعش مەكگورك گۆتی "لە چەندین كەرتی جیاوازەوە ھاوكاری ھەرێمی كوردستان دەكەین، ستراتیژی ئێمە زۆر رونە، لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە ھاوكاری ھەرێمی كوردستان دەكەین. لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەو ھاوكارییانەمان تاوتوێ كرد، دەبێ دڵنیا بین لەوەی كە داعش لەناو دەچێت".

 

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی لە پەراوێزی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ برێت مەكگورك نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش كۆ بووەوە.

سەرۆك بارزانی لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ بەرپرسان و نوێنەرانی ژمارەیەكی زۆری وڵاتانی بەشداری كۆنفرانسەكە كۆبووە و شەڕی دژی داعش و رۆڵی پێشمەرگە لەم شەڕەدا و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی ھەرێم لەگەڵ دەرەوە تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكانی بووە.

كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە سێیەم رۆژو كۆتا رۆژی دایە و سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەو چەند رۆژەدا كۆمەڵێك دیداری گرنگی لەگەڵ سەركردە و نوێنەری وڵاتانی جیھان ئەنجامداون.

ھەر لەبارەی كۆبوونەوەی بارزانی و مەكگورك، فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 رایگەیاند "كۆبوونەوەیەكی ئەرێنی بوو باس لە بارودۆخی ئێستای موسڵ و ئیدارەی نوێی ئەمریكا كرا".

گوتیشی "پەیوەندی ئیدارەی نوێی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان و رەوشی عێراق بە گشتی تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو".

 JS

كۆبوونەوەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارازنی و نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، برێت مەكگورك لە میونشن 19 شوباتی 2017
كۆبوونەوەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارازنی و نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، برێت مەكگورك لە میونشن 19 شوباتی 2017