ئێران وەڵامی توركیا دەداتەوە
K24 - ھەولێر
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی لێدوانەكانی وەزیری دەرەوەی توركیا لەبارەی ھەوڵدانی تاران بۆ لاوازكردنی سعوودییە و بەحرێن و ھەروەھا تایفەگەری لە ناوچەكە رەتدەكاتەوە و ئەنقەرە بە خەون بینین بۆ گەڕانەوە بۆ ئیمپراتۆری تۆمەتبار دەكات.
وەزیری دەرەوەی توركیا مەولوود چاوشئوغلۆ لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن رەخنەی لە ئێران گرت و بە گرتنەبەری سیاسەتی تایفەگەرانە لە ناوچە تۆمەتباری كرد كە ئامانجیشی لاوازكردنی سعوودییە و بەحرێنە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەھرام قاسمی لە وەڵامی ئەم لێدوانەی چاوشئوغلۆ گوتی توركیا "لە سەودای خاوی گەڕانەوە بۆ ئیمپراتۆری" دایە و بە "كردەوەكانی وەك دەستێوەردان، نایاسایی، ناڕەوا و پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەكان دەبێتە ھۆی خوێنڕێژی و زیادبوونی ناكۆكی و ناسەقامگیری لە ناوچە".
وەزیری دەرەوەی توركیا لە بەشێكی تری قسەكانیدا بە توندی ھێرشی كردە سەر یەپەگە، بە تایبەتی بەشداریكردنی لە ئۆپەراسیۆنی رەققە و لەمبارەوە گوتی ئەگەر دوو بژاردە بخرێتە بەردەم خەڵك رەققە، رێكخراوی داعش ھەڵدەبژێرن، نەك یەپەگە.
شەڕە قسەی نێوان بەرپرسانی توركیا و ئێران پاش سەردانی سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ سعوودییە لە كاتێك دایە كە ھەردوو وڵات بە سەرپەرشتی روسیا ھەوڵی ئاگربەست و دانوستانی نێوان ئۆپۆزسیۆن و رژێمی سوریا دەدەن. دواترین ھەوڵیشیان دانوستانەكانی ئاستانایە.
ھەر لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، وەزیری دەرەوەی سعوودییە عادل جوبێر گوتی تاران پشتیوانی سەرەكی تیرۆریزمە لە جیھاندا و ھێزی ناسەقامگیركردنی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە و دەیەوێت لەناومان ببات.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاڤیگدۆر لیبێرمەن لە دوا رۆژی كۆنفرانسەكە گوتی دابەشكردنی راستەقینە نێوان جولەكە و موسڵمانان نییە، بەڵكو نێوان میانڕەو و توندرەوەكان دایە و ئێرانیشی بەوە تۆمەتبار كرد كە ئامانجی سەرەكی ئەو لاوازكردنی سعوودییەیە.
JS