"مەسعود بارزانی.. پێشمەرگەیەك لە پێگەی سەرۆكی ھەرێمدا"

له‌ شه‌ش به‌رگدا دیمانه‌ و وتاره‌كانی سا‌ڵه‌كانی 2005 تا 2014 ی بارزانی بڵاوده‌كرێته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

"مەسعود بارزانی.. پێشمەرگەیەك لە پێگەی سەرۆكی ھەرێمدا"، ناونیشانی كتێبێكی شه‌ش بەرگییە و گوتار و چاوپێكەوتنەكانی مه‌سعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستانی له‌ نێوان ساڵانی 2005 تا 2014 له‌ خۆگرتووه‌.

كتێبەكە تەواوی گوتار و چاوپێكەوتنەكانی بارزانی لە ماوەی ساڵانی نێوان 2005 تا 2014 لە خۆ گرتووە و لە لایەن سەرۆكایەتی ھەرێم وەك بەشێك لە ئەرشیڤی سەرۆكایەتی هه‌رێم چاپكراوە.

لەم كتێبەدا، چاوپێكەوتنە رۆژنامەوانییەكانی بارزانی لەگەڵ میدیای كوردی و ناوچەیی و جیھانی و ھەروەھا لێدوان و گوتارەكانی لە كۆڕ و كۆبوونەوە جیاوازەكان لەسەر ئاستی ناوخۆیی كوردستان، عێراق و جیھان بڵاو كراوەتەوە.

بارزانی لە ساڵی 2005 وەك سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ھەڵبژێردرا. ئەوكات لەسەر ئاستی ناوخۆیی ھەرێم ھاوكات بوو، لەگەڵ یەكخستنه‌وه‌ی ناو ماڵی كوردیی و یەكگرتنەوەی دامودەزگاكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و لەسەر ئاستی عێراقیش ھاوكات بوو لەگەڵ سەر لەنوێ بنیاتنانەوی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستوور و چەسپاندنی مافە رەواكانی گەلی كوردستان لە دەستوردا و بەشداریكردن لە ناوەنده‌كانی بڕیاردان لە عێراق.

لەم كتێبەدا، كار و چالاكییەكانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە بارەی بابەتە جیاوازەكانی ناوخۆیی، عێراقی و جیھانی بڵاو كراوەتەوە كە روانینی بارزانی بۆ چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پرسە جیاوازەكانی سیاسی، دیپلۆماسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری و ھتد... دەخاتەڕوو.

وتار و دیمانه‌ و گۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ 6 به‌رگدا
وتار و دیمانه‌ و گۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ 6 به‌رگدا

 

 

لە پێشەكی كتێبەكە، كە بە قەڵەمی فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێم نوسراوە، ھاتووە: كتێبەكە سەرجەم وتار و دیمانە و كۆنگرە رۆژنامەوانییەكانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە خۆ دەگرێ لە دوای ھەڵبژاردنی لە 12 حوزەیرانی 2005.

بۆ ئەوەش ئاماژە بەم كۆمەڵە تەوەرانە دەكات لە ناوەڕۆكی وتار و دیمانەكانی بارزانی

  • ئەزموونی ھەرێمی كوردستان بە دریژایی ماوەی سەرۆكایەتی بارزانی لە ساڵی 2005ـەوە.
  • بارودۆخی سیاسی لە ھەرێمی كوردستان و قوناغە جۆراوجۆرەكانی كە پێیاندا تێپەڕ بووە و ھەڵوێست و مامەڵەی سەرۆكی ھەرێم بەرامبەر ئەو كێشە و پرسانەی پەیوەست بوون بە ھەرێمی كوردستان لەو قۆناغەدا.
  • ئەو پرس و كێشە و رووداوە گرنگانەی لەو ماوەیەدا لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بە گشتی سەریانھەڵداوە و مامەڵەی سەرۆكی ھەرێم بەرامبەر پێشھات و كێشە و گۆڕانكاری و قەیرانەكان.
  • ئاستی باڵای پەیوەندییەكانی دەرەوەی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە و ئەوروپا و ئەمریكا و ناوەند و رێكخراوە جیھانییەكان.

ھەر لە پێشەكییەكەدا، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێم پێویستی كۆكردنەوەی وتار و دیمەنەكانی سەرۆكی ھەرێم لە تۆی كتێبێكدا بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە: زۆر جار تویژەران و لێكۆڵەرانی سیاسی و مێژوویی گللەیی ئەوەیان كردووە كە میژوو و رووداوە گرنگەكانی كورد و كوردستان تۆمار نەكراون و بەڵگەنامەیان لەبەر دەستدا نییە بۆ توێژینەوەكانیان، بۆیە بە پێویستمان زانی وتارەكانی سەرۆكی ھەرێم لەم زنجیرە كتێبەدا كۆ بكەینەوە، بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ نەوەی ئایندە و لێكۆڵەرانی بواری سیاسی و مێژوو، كە بتوانن سوودی لێوەربگرن و ئاگاداری رووداو و گۆڕانكارییەكانی ئەو قۆناغە بن كە كوردستان پێیدا دەرباز بووە، لەو ماوەیەدا. بەتایبەتی لە میانی تێڕوانین و گەڕانەوە بۆ دید و ھەڵوێستەكانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان.