شیوه‌نی باڵه‌كانی یه‌كێتی بۆ هه‌ریسه‌كه‌یه‌

براكه‌ی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ی ناو باڵه‌كانی یه‌كێتی ئاشكراده‌كات

K24 - ھەولێر

لە وتارێكدا لە ژێرناوی "ئەکەن سواڵی نەوت لە بەغدا وئێران.. ئەی بۆ کەس ناڵێ کوا نەوتی نۆکان؟" كە لە پێگەی ئەلكترۆنی رۆژنامەی ئاوێنە بڵاوبوەتەوە، هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د برای ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد سەرپەرشتی باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی و ھاوسەری جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێ: "نۆكان گەورەترین کێشەکانی ناو یەکێیتییە هەموو باڵەکانی یەکێیتی ئەزانن سەرچاوەی دارایی لای کێیە، بەڵام کەس جورئەت ناکات ناوی بهێنی! دواتر یەکتر تۆمەتبار ئەکەن".

لە وتارەكەدا برای ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد نووسیویەتی: "نۆکان، کە دەسەڵاتێکی ڕەهای هەیە لەم ناوچەیەدا وە لە هەموو یاسایەک بەدەرە، ملیاردەها دۆلاری کۆ کردۆتەوە لە پرۆژەی خانوو، کشتووکاڵ، بازرگانی جگەرە، وەرگرتنی تەندەری حکومەت، ووزە، …هتد، هەروەها خاوەنی هەزاران دۆنم زەویە کە بەنرخێکی یەکجار کەم، یاخوود بێ بەرابمەر دەستی کەوتووە".

دەشڵێت: " بیرۆکەی دامەزراندنی نۆکان ئەوەبووە کە بتوانی هێزی پێشمەرگە، خانوادەی شەهیدان ودامودەستگاکانی یەکیێتی بژیێنێ، بەڵام ئەوەتا ئەبینین ئەم لایەنانە حاڵیان چۆنە لەم بارودەخەدا. سەرەڕای ئەو هەموو دەسەڵات و پارەیە، تا ئێستا نۆکان بیری لە یەک پرۆژەش نەکردۆتەوە کە بۆ بەرژەوەندی خەڵکی دەڤەری دەسەڵاتی یەکێیتی سوودێکی هەبێت، تەنها و تەنها بیری لە سەرکووتکردنی بازاری کراوەو بازرگانی ئازاد کردۆتەوە بۆ بەرژەوەندی تەسکی خۆی".

ھەڵۆ ئیبراھیم ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە: "نۆکان هۆکاری یەکێکە لە گەورەترین کێشەکانی ناو یەکێیتی؛ هەموو باڵەکانی یەکێیتی ئەزانن سەرچاوەی دارایی لای کێیە، بەڵام کەس جورئەت ناکات ناوی بهێنی! دواتر یەکتر تۆمەتبار ئەکەن بەوەی لایەنێک دەستی بەسەر سەروەتوسامانی یەکێیتیدا گرتووە. هۆکاری ئەوەش کە کەس ناوێرێ ناوی دلێری سەید مەجید بهێنێ ئەوەیە کە ناوبراو ئەتوانێ بوودجەی ئەو کەس و لایەنانە ببڕێ. زۆر جار رووی داوە کە دلێر مووچە، نەسریە یان پارەی سەفەری ئەندامێکی سەرکردایەتی بڕیوە لەبەر هۆکارێکی سیاسی یان شەخسی".

ئەوەشی خستووەتەروو: "لە کاتێکدا کە سەرکردایەتی یەکێیتی سەرقاڵی باڵباڵێنن، نزیکەی 70%ی موڵکی نۆکان لەسەر دلێر و کەسانی دەوروبەری تاپۆ کراون. نۆکان تەنها لە بریتانیا زیاد لە 100 ملیون دۆلاری داوە بە باڵەخانە و موڵك، ئەویش لەسەر خەڵکانی نزیکی دلێر تاپۆ کراون.ئەو مافیایەی نۆکان کە دلێری سەید مەجید ڕابەرایەتیان ئەکات، مووچەیەکی ئاساییان هەبوو کە دەستیان بەکار کرد، بەڵام ئەمرۆ ئەو کەسانە بێزیان نایەت بە ملیۆنەها دۆلار بڵێن پارە (بۆ نمونە شێخ ئەحمەدی نۆکان). بۆچی ئەبێ منێکی هیچکارە ئەم هەموو ڕاستیانە بزانم، بەڵام مەکتەبی سیاسی ی.ن.ک. لە گوێی گایا نووستبێت؟".

براكەی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد زیاتر لەبارەی كۆمپانیای نۆكانی یەكێتی دەنووسێت و دەڵێ: "یەکێک لە پرۆژەکانی نۆکان، پاڵاوگەی بازیانە، کە دلێر لە 49%ی فرۆشتوە بە کۆمپانیای قەیوان. ئەم پاڵاوگەیە رۆژانە نزیکەی 600 هەزار لیتر نەوتی سپی (کیرۆسین) بەرهەم دێنێت، جگە لە بەرهەمی تر. بەڵام، لەبەر ئەوەی نۆکان و قەیوان قەرزێکی چەند سەد ملیۆنیان داوە بە وەزارەتەکەی ئاشتی هەورامی (بۆ؟؟) ئێستا نەوت وەرئەگرن لە جیاتی ئەو قەرزە، ئەیپاڵێون، ئەیفرۆشن و قازانجەکەی ئەچێتە گیرفانی نۆکان و قەیوانەوە! کە نەوتی سپی و گازۆیل و بەنزین هەیە لە بازیان، وە لەژێر دەسەڵاتی خۆتاندایە، عەیب نیە سواڵ ئەکەن لە بەغدا و ئێران؟".

لە بەشێكی وتارەكەدا نووسیویەتی: "چەند ساڵێک لەمەوبەر، سەردانی خوالێخۆشبوو د. کەمال فوادم کرد، کە یەکێک بوو لەو کەسایەتیە دەگمەنانەی زۆر بوێر و دەستپاک و خاوەن هەڵوێست بوون لە ناو م.س.ی یەکێیەتیدا. کاک کەمال چەند مانگێک بوو بەرپرسیاریەتی دۆسییەی نۆکانی پێ درابوو. لێم پرسی: “کاک کەمال، زانیاریم هەیە کە نۆکان گەندەڵیەکی زۆری تێدایە، هیچت بەرچاو کەوتووە؟”. کاک کەمال هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و ووتی:” باوەڕکە ئەگەر ساڵێکی کەش خەریکی فایەلەکانی دلێری سەید مەجید بم، هێشتا سەری لێ دەرناکەم!”".