ئایدز لە ئێران بڵاو دەبێتەوە

K24 - ھەولێر
بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی ئایدز لە ئێران رایگەیاند ئەگەر گواستنەوەی ئایدز لە وڵاتەكەی بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، لە ئایندەیەكی نزیكدا 1% دانیشتوانی ئێران دەگرێتەوە و دەگاتە قوناغی سێیەمی بڵاوبوونەوەی.
بە پێی ھەواڵێكی ئاژانسی ئیرنا، "مینو محرز" رایگەیاند "رێژەی تووشبووانی ئایدز لە ئێران، قوناغی یەكەمی بڵاوبوونەوەی بڕیوە و لە قوناغی دووەم دایە.
ئەو بەرپرسەی ئێران ھۆشداریشدا ئەگەر بەم شێوەی ئێستا بەردەوام بێت، لەوانەیە بگاتە "قوناغی سێیەمی بڵاوبوونەوە" و بە مەترسییەكی گەورەش زانی.
ھۆكاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئایدز لە ئێران بۆ "رێگەی گواستنەوەی پەیوەندی سێكسی گەڕاندەوە" و گوتی "گەنجان لەمبارەوە ھۆشیاری پێویستییان نییە و پەروەردە و میدیا و خێزان پەروەردەیەكی ئەوتۆیان لەبارەی گواستنەوەی ئایدز لە رێگەی پەیوەندی سێكسی بە گەنجان نادەن".
بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی ئایدز لە ئێران داواشی كرد "ئامرازی پێشیگرتن بە گواستنەوەی ڤایرۆسی ئایدز بخرێتە بەر دەستی گەنجان".
وەزارەتی تەندروستی ئێران مانگی رابردوو، ئاشكراكردنی "33 ھەزار تووشبووی بە ڤایرۆسی ئایدز" راگەیاند، كە 43% تووشبووان بە رێگەی پەیوەندی سێكسی بووە.
بە پێی ئاماری "گلۆبال بۆردن دیزیز" ژمارەی تووشبووانی ئایدز لە جیھان تا ساڵی 2015 گەیشتە 39 ملیۆن كەس. لە ساڵانی نێوان 1981 تا 1997، ئایدز لە ناو 39 ھۆكاری مردنی مرۆڤ بە ھۆكاری 11 ئەژمار كراوە. لە ساڵی 1998 تا 2005 رێژەی مردن بەھۆی ئایدز بەرز بووەوە، بەڵام لە نێوان ساڵانی 2005 تا 2015 بەھۆی پێشكەوتن لە پێشیگرتن بە بڵاوبوونەوەی ئایدز، بە تایبەتی لە دایكەوە بۆ منداڵ، رێژەی مردن بەھۆی ئایدز لە ئاستی جیھان كەم بووەتەوە.
ئایدز نەخۆشییەكە لە بەشی ئاسایشی لەش دروست دەبێت و لە وانەیە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە لەشی مرۆڤدا بمێنێتەوە، بێ ئەوەی ھەستی پێ بكات.
سەرچاوە: رادیۆ فەردا
JS