مه‌سرور بارزانی: رێككه‌وتنی سیاسی بۆ موسڵ گرنگە

پێداگری لەسەر ده‌ستپێكردنی دیالۆگی جیدی بۆ بنیاتنانەوەی متمانه‌ ‌نێوان گشت پێكهاته‌كانی پارێزگای نەینەوا كرد

K24 - ھەولێر

مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان  رایگەیاند، "دوای ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنێكی سیاسی له‌ ‌نێوان لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان نه‌كرێت، له‌وانه‌یه ئه‌و كێشه‌ و ته‌نگژه‌ سیاسیانه‌ی‌ پێش داگیركردنی مووسڵ له‌لایه‌ن داعش له‌ شاره‌كه‌دا هه‌بوون، جارێكی دیكه‌ سەرھەڵبدەنه‌وه‌".

مەسرور بارزانی لەمیانەی پێشوازیكردنی له‌ نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌ڵمانیا بۆ سه‌قامگیری له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئێكهارد برۆس  پێداگری لەسەر ده‌ستپێكردنی دیالۆگی جیدی بۆ  بنیاتنانەوەی متمانه‌ ‌له‌نێوان گشت پێكهاته‌كانی پارێزگای نەینەوا كرد و ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی شاره‌كە دوای ده‌ركردنی داعش ئاماژه‌ی به‌ گرنگی هه‌بوونی رێككه‌وتنێكی سیاسی هاوته‌ریبی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی كرده‌وه‌.

دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی عێراق به‌ گشتی و ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵ و چۆنیه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ و نیشته‌جێكردنه‌وه‌ی ئاوا‌ره‌كان  تەوەرێكی گرنگى دیداره‌كه‌ی نێوان راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌ڵمانیا بوو، كە گفتوگۆیان له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی دابینكردنی سه‌قامگیری و پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ و نیشته‌جێكردنه‌وه‌ی ئاواره‌كان كرد.

ھەر لەم كۆبوونەوەدا قاره‌مانێتی و قوربانیدانه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش به‌رز نرخێندرا و هاوكاری و یارمه‌تییه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌ڵمانیا بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپاتكرایه‌وه‌.

JS