داعش دەیان چەكداری ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەكوژێت

بەشێك لە قوربانیانی تەقینەوەی خۆكوژی ھاووڵاتیانی سڤیلن

K24 - ھەولێر

لە ناوچەی ئەلباب لە رۆژئاوای كوردستان 45 چەكداری ئۆپۆزسیۆنی سوریا و دانیشتوانی ناوچەكە بەھۆی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبەكراوی خۆكوژێكی داعش كوژران و نزیكەی 100 دیكەشی برینداربوون.

ھێرشەكە لە گوندێكی باكووری ئەلباب بۆ سەر چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئەنجامدرا، رۆژێك پاش ئەوەی بە یاوەری سوپای توركیا دەستیان بەسەر سەنتەری شارەكەیان گرت.

روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند بەشێكی زۆری  قوربانیان دانیشتوانی ناوچەكەن، كە ویستوویانە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنەوە و نزیكەی 40 بریندار بۆ نەخۆشخانەی كلیس لە باكووری كوردستان گواستراونەتەوە.

لە لایەكی ترەوە گوتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی منبج شەڕڤان دەروێش رایگەیاند داعش تەواوی ناوچەكانی باشووری رۆژئاوای ناحیەی بابی بۆ ھێزەكانی رژێم چۆڵكرد.

گوتیشی كشانەوەی داعش بەشێكە لە ھاوكاری نێوان رژێمی سوریا و توركیا بە نێوانگێڕی روسیا.

سوپای توركیا رۆژی 24 ئابی 2016 بە یاوەری گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نزیك لە ئەنقەرە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات ھێرشیكردە سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان لە نێوان كوبانێ و عەفرین، سەرەتا چووە ناو جەرابلوس و پاش 184 رۆژیش گەیشتە سەنتەری ناحیەی باب.

JS