ئەڵمانیا تانكەكانی بۆ سنووری روسیا رەوانە دەكات

ھێزی بەرپەرچدانەوەی ناتۆ بەرامبەر روسیا بەھێزتر دەكرێت

K24 - ھەولێر

بە بەرزبوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان روسیا و ناتۆ، بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپا، ئاڵمانیا دەیان تانك بۆ وڵاتی لیتوانیای دراوسێی روسیا رەوانە دەكات.

بە پێی ھەواڵێكی سپوتنیك، ئەو تانكانەی ئەڵمانیا گەیشتوونەتە لیتوانیا كە بەشێكن لە "ھێزی بەرپەرچدانەوە"ی ناتۆ بەرامبەر روسیا.

ئەڵمانیا و ئەمریكا ھێزەكانیان لە ناوچەكانی ئەوروپای رۆژھەڵات لە وڵاتانی بالتیك زیاد كردووە. ئەمریكا لە چوارچێوەی" ئۆپەراسیۆنی سەقامگیری ئاتلانتیك" بەشێك لە تانكەكانی خۆی لە پۆلۆنیا بۆ لیتوانیا و ئەستۆنیا گواستووەتەوە.

سەرچاوەكە باس لەوەش دەكات 10 رۆژ بەر لە ئێستا وەزارەتی بەرگری بولگاریا، زیادبوونی سەربازانی ئەمریكا و 80 تانك و دەیان ئۆتۆمبێلی جەنگی ئەمریكا لە وڵاتەكەی راگەیاندبوو.

پاش قەیرانی ئوكراین و جیاكردنەوە ھەرێمی كریمە لەم وڵاتە و چەسپاندنی بە روسیا ناكۆكییەكانی نێوان ناتۆ و روسیا بۆ ئاستی سەردەمی شەڕی سارد بەرزبووەوە، بە ھۆیەوە ئەمریكا و ئەوروپا چەندین سزایان بەسەر روسیا سەپاند.

بە فەرمی ناسینی بەڵگەنامەكانی رۆژھەڵاتی ئوكراینی ژێر دەسەڵاتی لایەنگرانی روسیا لە لایەن مۆسكۆوە ئەوەندەی دیكە ناكۆكییەكانی نێوان روسیا و ناتۆ زیاتر كردووە و رۆژئاوا لەوە دەترسێت رۆژھەڵاتی ئوكراین دووچاری ھەمان چارەنووسی ھەرێمی كریمە ببێت.

JS