بە ڤیدیۆ..چەند چەكدارێكی داعش دەستگیركران

ھێزەكانی عێراق بەرەو گەڕەكەكانی رۆژئاوای مووسڵ پێشڕەوی دەكەن
kurdistan24.net

K24 – مووسڵ

ھۆشمەند سادق پەیامنێری كوردستان24 لە مووسڵ رایگەیاند: "لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ، ئەمڕۆ دوو چەكداری داعش لەلایەن ھێزەكانی عێراق بە دیل گیران".

گوتیشی: "دوای كۆنترۆڵكردنەوەی فڕۆكەخانەی مووسڵ و چەند ناوچەیەكی دیكە، ئەمڕۆ ھێزەكانی عێراق بەرەو گەڕەكەكانی رۆژئاوای مووسڵ پێشڕەوی دەكەن".

رۆژی 19 شوباتی 2017 حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندە گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای موسڵی راگەیاند.

رۆژئاوای مووسڵ زیاتر لە 35 گەڕەك دەبێت و 40% شارەكە پێكدەھێنێت و پێشبینی دەكرێت 650 ھەزار كەس لەو بەشەی شارەكە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بن. ھەر یەك لە ھێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ دەكەن.

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ لە 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به‌ به‌شداری 100 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی ده‌ستیپێكرد، پاش ئەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ لە لایەن پێشمەرگە كۆنترۆڵكرانەوە، دوای زیاتر لە سێ مانگ دژە تیرۆری عێراق كۆنترۆڵكردنی رۆژھەڵاتی شارەكەی راگەیاند.