بۆمبێك بە ھێزەكانی توركیا دەتەقێتەوە

200 مەترێك لە شاندی ھەدەپە دوور بوو

K24 - ھەولێر

لە رێگەی نێوان مێردین و ئامەد لە نزیك گوندی سوڵتان شێخ موس بۆمبێكی دەستكرد بە كاروانی ھێزەكانی توركیا تەقییەوە.

ماوەی 14 رۆژە چوونە ناوەوەی گوندەكانی ناوچەی نسێبین لە پارێزگای مێردین قەدەغە كراوە و بۆ ئەم مەبەستە شاندێكی ھەدەپە بۆ لێكۆڵینەوە لە دەنگۆی ئەشكەنجەدانی خەڵكی گوندەكانی سەردانی ناوچەكە كردووە.

تەقینەوەكە بە دووری 200 مەتری شاندی ھەدەپە روویدا، لە بارەی زیانەكانی ھیشتا راپۆرتێك بڵاو نەكراوەتەوە.

پەرلەمانتاری ھەدپە، عوسمان بایدەمیر پرسی ئەشكەنجەدانی دانیشتوانی گوندەكانی پارێزگای مێردین لە لایەن ھێزەكانی توركیا بردە پەرلەمانی ئەم وڵاتە و بە پێشاندانی ھەندێ وێنە باس لەو كوشتوبڕەی كرد كە لە ماوەی 70 ساڵی رابردوو بەسەر گوند و شارەكانی باكووری كوردستان ھاتووە، بۆ ئەوەش ئاماژە بە رووداوەكانی ساڵانی 1990 كرد و گوتی 4 ھەزار گوند خاپوور كران و لە مانگی حوزەیرانی 2015 چەندین شار و شارۆچكە وێرانكران، ئێستاش ھەر ئەوكارە كە 70 ساڵە بەردەوامە لە سێ گوندی ناوچەی نسێبین دەكرێت.

JS