ئەحمەد تورك: پەكەكە ھەڵەبوو شەڕی دەستپێكردەوە

"بەرپرسانی پەكەكە رایانگەیاند بۆ جێگیركردنی پرۆسەی ئاشتی بڕیارەكەی ئۆجەلان جێبەجێ دەكەین بەڵام لە ناكاو شەڕ دەستیپێكرد "

K24 - ھەولێر

ئەحمەد تورك دەربارەی پرۆسەی ئاشتی رەخنەی لە پەكەكە گرت و رایگەیاند، دوای ھەڵبژاردنەكانی 7 حوزەیرانی 2015 توركیا، ھەڵەبوو پەكەكە دەستی بە شەڕ كردەوە.

ئەحمەد تورك، سیاسەتڤان و شارەداری پێشووی مێردین، لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "دەزاندرێت دوای ھەڵبژاردنەكانی 7 حوزەیران، سەرۆك كۆماری توركیا پرۆسەی ئاشتی بەكۆتا ھێنا، بەڵام لەلایەن كوردیشەوە كارێكی ھەڵەبوو كە پەكەكە دەستی بە شەڕ كردەوە، دەبوو بۆ زاڵبوونی دۆخی پرۆسەی ئاشتی پەكەكە تۆزێك ئارامی بگرتایە".

ئەحمەد تورك گوتیشی: "ئێمە چووینە قەندیل و پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەكەكەمان گەیاند، بەرپرسانی پەكەكەش رایانگەیاند، بۆ جێگیركردنی پرۆسەی ئاشتی بڕیارەكەی ئۆجەلان جێبەجێ دەكەین، بەڵام لە ناكاو شەڕ دەستیپێكرد و نازانم بڕیاری شەڕ بۆ درا و لەلایەن كێ دراوە و تا ئێستا بەگومانەوە لەو بڕیارە دەروانم".