توركیا بۆ پێشوازیی بارزانی ئاڵای كوردستان ھەڵدەدات

بارزانی لە لایەن بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە فڕۆكەخانە پێشوازی لێكرا
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ئاتاتورك لە ئیستانبوڵ بۆ پێشوازیكردن لە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی، حكومەتی توركیا بە شێوەیەكی فەرمی ئاڵای كوردستان ھەڵدەدات.

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان كەمێك پێش ئێستا گەیشتە ئیستانبوڵ و لە فڕۆكەخانە لە لایەن بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی توركیا پێشوازی لێكرا.

ھەرچەندە پێشتر لە دیدارە فەرمییەكانی بارزانی لە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی توركیا ئاڵای كوردستان دادەنرا، بەڵام ئەوە یەكەمجارە ئاڵای كوردستان بۆ پێشوازیكردنی لە شوێنە گشتییەكان ھەڵدەدرێت.

پەیامنێری كوردستان لە ئیستانبوڵ رایگەیاند بارزانی لە ئیستانبوڵ لەگەڵ سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان كۆ دەبێتەوە، كە پرسی سەربەخۆیی، شەڕی داعش، ئۆپەراسیۆنەكانی موسڵ و رەققە و پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوولا لە تەوەرە گرنگەكانی كۆبوونەوەكەیان دەبێت.

بڕیاریشە رۆژی دووشەممە لە ئەنقەرەی پایتەخت لە لایەن سەرۆك وەزیرانی توركیا بیناڵی یلدرم پێشوازی لێ بكرێت.

بارزانی سێ رۆژ بەر لە سەردانەكەی بۆ توركیا داوای كرد سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆكی ھەدەپە و ھاورێیانی ئازاد بكرێن، "لە پێناو پرۆسەی ئاشتی لە توركیا زۆر گرنگە دەمیرتاش و ھەڤاڵەكانی ئازاد بكرێن".

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پاش تەواوبوونی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن سەردانی فەرەنسای كرد و لەگەڵ سەرۆكی ئەم وڵاتە فرانسوا ئۆلاند كۆ بووەوە.

JS