پەیامنێری جەنگ و ناوچە کێشە لەسەرەکان

Kurd24

لە تەواوی جیهان، کەم نەتەوەی وەک کورد ماون لە سەد ساڵەی ڕابردوو، بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، شەڕیان بەسەر چەسپابی یان بە زۆر و بێ ئارەزووی خۆیان تێیوەگڵابن. لەگەڵ ئەوەش، ئەم ئەزموونە تاڵ و زۆرە، بۆ رۆژنامەنووسانی کورد، نەبۆتە یارمەتی بۆئەوەی جوانتر و باشتر پەیامیان بگەینن، زانیاری ورد و پێویست لە بەرەی جەنگ و ناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ ئێمە بگوازنەوە.

ئەگەر هەڵوەستە لەسەر کاری رۆژنامەنووسانی خۆمان لە گواستنەوەی دوا شەڕی کورد دژ بە داعش لەم چەند مانگەی دوایی بکەین تێدەگەین، رۆژنامەنووسانی کورد لە رۆژنامەنووسانی بیانی زۆرتر لەبەرەی جەنگن، ژیانیان زیاتر لەمەترسیدایە، ئازاترن و لەمەرگ ناترسن. من لێرە و لەم نووسینە، ئەم نەترسان و ئازایەتییە، زیاتر بە نەزانین و تێنه‌گەیشتن لە کاری پەیامنێری جەنگ و گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەکانی بەرەی جەنگ لەقەڵەم دەدەم، تا لە سەلماندنی ئازایەتی و بوێری و پاڵەوانێتی ئەوان... هەرچەندە، دەرکەوتن وەک پاڵەوان، لەوانەیە بۆ ڕۆژنامەنووسانی کورد ڕەوا بێ، چونکە هەندێک لەوان، لەبیردەکەن یان فێرنەکراون، کە ئەوان ڕۆژنامەنووسن و پێشمەرگەنین، بەڵام ئەگەر مەنتق حوکم بکا، چۆن دەتوانن نەبن بە پێشمەرگە، لەوکاتەی زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ ژیان و ناخۆشییەکانی پێشمەرگە تێکەڵن، لەگەڵ ئەوان لە سەنگەرەکان دەژین و دەخۆن و دەنوون... پەیامنێری کورد بە چاوی خۆی دەبینی، پێشمەرگە بەرگری لەژیان نامووسی خزموکەسی ئەوان و هەموو تاکێکی کورد دەکا... ئەوان دەبینن، لە ڕاست و چەپ ئەو پێشمەرگە ئازایانە شەهید دەبن، کە پێش کەمێک بەیەکەوە قسەیان دەکرد، ژمارەی تەلەفۆنیان دەگۆڕییەوە، بۆیە پەیامنێری کورد، ناتوانی بترسێ، یان ترس پیشانی برادەرانی بدا، لەکاتێکدا بە هەردووک چاوی خۆی دەبینی کەس لەو شەڕەی دژ بە داعش ناترسێ یان ترس پیشان نادا... لێرە باس لەو لایەنەی پەیامنێران هەرناکەین، کە زۆربەیان ئەندامی حزبێکن، هەر ساتێک حزب داوای چەک هەڵگرتنیان لەجیاتی قەڵەم و کامیرا لێبکا، بێبیرکردنەوە ئەو بڕیارەی حزب جێبەجێ دەکەن و لەسەر چاویان دادەنێن...

گرانە دژ بە پەیامنێرانی کوردی بەرەی جەنگ بنووسیت و لەوەش گرانتر، ڕەخنەیان لێبگری، بەڵام ئەگەر بیر لە پیشەی رۆژنامەنووس بکەینەوە، تێدەگەین کار و ئامانجی پەیامنێرانی جەنگ زۆر ڕوون و ئاشکرایە، بۆیە ئەگەر هەڵە و تێکنەگەیشتنێک هەبێ، زیاتر لە ئەستۆی بەڕێوەبەرانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنە، نەک رۆژنامەنووس خۆی، لە ئەستۆی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانە، نەک رۆژنامەنووس خۆی...

کارکردن وەک پەیامنێری جەنگ و ناوچە کێشەلەسەرەکان، پەیوەندی راستەوخۆی بە یاسا و دەستووری شوێنی کارکردنی رۆژنامەنووسەوە هەیە، پەیوەندی بە رەقابە و ئازادی راگەیاندنەوە هەیە. ئەگەر رۆژنامەنووس بیەوێ یان ڕێگای پێبدرێ لەبەرەی جەنگ هەواڵ و زانیارییەکان بگوازێتەوە، دەبی لە یاسا و دەستووری ئەو شوێن، هەرێم یان وڵات زۆر بەجوانی بگا، بۆئەوەی لەکار دوورنەخرێتەوە، لە کێشە و بەڵای لابەلا دووربێت و بتوانی زۆرتر لەسەر کاری بەردەوام بێ...

لێرە هەر دەوڵەتە و یاسای تایبەتی ڕاگەیاندنی خۆی هەیە، کە رۆژنامەنووسان ناچارن پەیڕەوی بکەن. جگە لەوە، لە کۆی یاساکان، قەت بەتەنیا یەک یاسا ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی دادگا ناکاتەوە، بەڵکو کۆمەڵێک یاسا هەن وەک: یاسای دژ بە ئیرهاب، یاسای پاراستنی ئاسایشی گشتی، یاسای پاراستنی ئەمنی قەومی، یاسای هێزی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگری، یاسای رەقابە و یاسای کاتی جەنگ...هتد. لەمەش هەر وڵاتە و لەسەردەمێک ئەم یاسایانە دەرچووین.

پسپۆرانی ڕاگەیاندن، لەوبڕوایەدان، لەکاتی ڕوماڵکردنی کێشەکان، بۆ ڕۆژنامەنووس زۆر باشە، ئەگەر بتوانی بێلایەنی خۆی بپارێزی... ئەم بۆچوونە بۆ شەڕ لەنێوان دوو دەوڵەت لەوانەیە ڕەوا بێ، بەڵام بۆ شەڕی ناوەخۆ و لە شێوەی شەڕ دژ بە داعش، رۆژنامەنووسی کورد ناتوانی و ناشکرێ بێلایەن زانیارییەکان بگوازێتەوە، لەکاتێکدا سەرکەوتنی داعش لەدەستدانی حکوومەتی کوردییە، ڕمانی خەونی دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردییە، لەدەستدانی هەموو خەبات و تێکۆشانی بەلای کەم دوا سەد ساڵەی کوردە...

خەسڵەتی پەیامنێری جەنگ:

بۆئەوەی رۆژنامەنووس پەیامی باش بگا، دەبی زمانی کوردی زۆر باش بزانی، وشەی لەیەکچوو زۆر بزانی، بەهرەی دەربڕینی جوان و باشی هەبی و بتوانی بە کورترین وشە، مەبەست دەربڕی، مێژووی شۆڕشەکانی کورد شارەزابی، خەباتی پارتە سیاسییەکانی ئەزبەربی، زۆر لە سیاسەتمەدارەکان لە نزیکەوە بناسی و ژمارەی تەلەفۆنی ئەوانی لەلابێ، لە خاڵە هەستیار و ناسکەکانی نێوان پارت و گرووپەکانی کوردی باش تێبگا، شارەزای شێوةی کارکردنی پەیامنێری جەنگی.

جگە لەوانەی سەرەوە، پەیامنێری جەنگ، گرنگە بتوانی زوو بڕیار بدا، بەردەوام ئاگای لەخۆی بێ و بتوانی کۆنترۆڵی خۆی بکا، لە مەترسی تێبگا، خەڵک بناسێ...... ئەگەر پەیامنێری کورد، ئەوانەی سەرەوەی زانی، ئاسانتر زۆرترین زانیاری دەگوازیتەوە و زۆرترین جەماوەریش بە زانیاری تێر دەکا و کەمتر مەترسی لەسەر ژیانیشی دەبێ.

خاڵێکی دیکەی زۆر گرنگ، دەبی پەیامنێرانی جەنگ بەهەندی وەربگرن، کە بچوکترین گرووپی ئیرهابی یان پارتیزان باش دەزانن، کاریگەری ڕاگەیاندن گەلەک زۆربووە، بۆیە زۆرجار ئەوان هانا وەبەرگرتن یان کوشتنی رۆژنامەنووس دەبەن، بۆئەوەی پەیامیان بگات و زۆر باس بکرێن و دەنگیان بڕوا، بۆیەش بە هیچ شێوه‌یەک نابی هیچ رۆژنامەنووسێک، بێ بەشداریکردن لە خولی خۆپاراستن بۆ بەرەکانی جەنگ بنێردرێ.

ئەگەر باس لە مێژووی رۆژنامەنووسانی بەرەی جەنگ لە جیهان بکەین، کەسانی زۆر هەن، ئەزموونی پەیامنێرییان دەوڵەمەند کردووە. لەناو ئەوان، ئێرنست هێمێنگوای، جۆن رید، کونستەنتین سیمیرنۆڤ...هتد.

کەشوهەوای کارکردنی رۆژنامەنووسانی بەرەی جەنگ و ناوچە کێشەلەسەرەکان، رۆژ دوای رۆژ ناخۆشتر و گرانتر بووە، ئەگەرچی ژمارەی ئەو ڕێکخراوانەی بەرگری لە رۆژنامەنووسان دەکەن وەک: نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور، ئەمنستی ئینتەرناشیوناڵ، پزیشکانی بێ سنوور، سەندیکای رۆژنامەنووسان...هتد، بەردەوام لەزیادبووندان.

Urban Löfqvist بەرپرسی ئیدارەی پەیامنێرانی بێ سنوور، لەوبڕوایەدایە کارکردن لە ناوچە کێشەلەسەرەکان گرانتر و ئاڵۆزتر بووە، بۆیەش تەنیا لە ساڵی 2012 لە جیهان 88 رۆژنامەنووس کوژران.

لەکۆتایی 2007 بۆ پاراستنی ژیانی رۆژنامەنووسان حەوت دەوڵەت یاداشتێکیان مۆر کرد لەوانە: ئوسترالیا، دانمارک، فەرەنسا، کەنەدا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئەمریکا.  ئەم یاداشتە ئارەزوومەندانەیە و لەلایەن: (Press Freedom Organizations)، پێشوازی لێدەکرێ، بەڵام داخ دەخۆن، بۆچی هەموو ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیمزایان نەکرد.

یەکەم پێکهاتن لەسەر پاراستنی ژیانی رۆژنامەنووس لە ساڵی 1864 و دوا پێکهاتنیش لە ساڵي 1947 ئیمزا کرا... دوای ئەوە دوو جاری دیکە, دوو بەڵگەنامه‌ مۆر و پەسند کرایە.