نێچیرڤان بارزانی و میر تەحسین بەگ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان تاوتوێ دەكەن

میری ئێزدیان دوای سێ ساڵ گەڕایەوە ھەرێمی كوردستان

K24 - ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پرسی ئاوەدانكردنەوەی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان و بارودۆخی ناوچەكە لەگەڵ میر تەحسین بەگ میری ئێزدیان تاوتوێكرد.

ماڵپەڕی فەرمی سەرۆكایەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە: "سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27-2-2017 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، چاوی كه‌وت به‌‌ به‌ڕێز میر ته‌حسین به‌گ میری ئێزدییان له‌ كوردستان و جیهان كه‌ دوێنی له‌ ده‌ره‌وی وڵات گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان".

ھەر بەپێی ماڵپەڕەكە له‌ دیدارێكدا  سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان وێڕای به‌خێرهاتنه‌وه‌ی به‌ڕێزیان بۆ هه‌رێمی كوردستان، بەبۆنه‌ی كۆچی دوایی هاوسه‌ریه‌وه، پرسه‌ و سه‌رخۆشی له‌ ‌بەڕێزیان كرد‌.

لە بەشێكی دیكەی‌ دیداره‌كه‌دا باس له‌ دوایین پێشهاته‌كان و بارودۆخی ئێزدییان له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانیان و پلانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان، خرانه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ. تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌ دۆخی ئێستای ناوچه‌كه به‌گشتی و ده‌ڤه‌ره‌ ئێزدینشینه‌كان به‌تایبه‌تی‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

دوای نزیكەی سێ ساڵ مانەوەی لە وڵاتی ئەڵمانیا دوێنێ میر تەحسین بەگ میری ئێزدیان لە رێگەی فڕۆكەخانەی ھەولێرەوە گەڕایەوە ھەرێمی كوردستان و لەلایەن نوێنەری لایەنە سیاسییەكان و پارێزگاری ھەولێر بە گەرمی پێشوازی لێكرا.