بڕوانامە ساختەكان ئاشكرا دەكرێن

لە وەزارەتێكی ھەرێمی كوردستان چەند بڕوانامەیەكی ساختە ئاشكرا دەكرێن

K24 - ھەولێر

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئاشكرای دەكات، دواى بەدواداچون و لێکۆڵینەوە لە بڕوانامەى تاقیکردنەوەى توانستى زمانى ئینگلیزى کاندید و خوێندکارانى خوێندنى باڵا/ماستەر و دکتۆرا دەرکەوت ژمارەیەک لە بڕوانامەکان ساختەن.

عەباس ئەکرەم گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند: "دواى بەدواداچونێکى ورد و ئەنجامدانى راست و دروستى (صحة صدور) بۆ بڕوانامەى تاقیکردنەوەى توانستى زمانى ئینگلیزى ((TOEFL-iBT, TOEFL-PBT, IELTS, PEARSON-PTE، کە لە ناوەراست و باشوورى ئێراق و ناوەوەى هەرێمى کوردستان لەلایەن پێشکەشکاران بەدەست هێنراون بۆ وەرگرتن لە خوێندنى باڵا/ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکوومیەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (2016-2017)، دەرکەوت دەیان لەو بڕوانامانەى توانستى زمانى ئینگلیزى بە شێوەى ساختە بەدەست هێنراون و پێشکەش بە وەزارەت و ژمارەیەک لە زانکۆکان کراون".

 گوتیشى: "لە ئێستادا کاروبارەکانى ئەم پڕۆسەیە کۆتایی پێهاتوە و، لە ماوەیەکى نزیک کارى پێویست ئەنجام دەدرێت".

گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى راشیگەیاند: "چارەنووسی ئەو کاندید و خوێندکار و قوتابیانەى خوێندنى باڵا کە بەڵگەى ساختەی زمانیان پێشکەشکردووە بەپێى رێنمایی ژمارە (٤)ى ساڵى (2016)ى خوێندنى ماستەر و، رێنمایی ژمارە (5)ى خوێندنى دکتۆرا لە زانکۆکانى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٦-٢٠١٧)، کە لە رۆژنامەى فەرمى (وەقایعی کوردستان) بڵاوکراوەنەتەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ، وەک لە رێنماییەکاندا هاتووە "هەر پێشکەشکارێک هەر  جۆرە زانیاریەکى نادروست و بڕوانامەى ساختەى توانستى زمانى ئینگلیزى پێشکەش بکات، ئەوا سڕینەوەى ناوى لە خوێندن بۆ دەکرێت و، بەرپرسیاریەتى یاسایی دەکەوێتە ئەستۆ و، بە پێى یاسا و رێنماییەکان رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگيرێتەبەر".