ئەمریكا ڤیزا بە عێراقییەكان دەدات

بڕیارە نوێیەكەی ترەمپ بۆ قەدەخەكردنی گەشت عێراق ناگرێتەوە

K24 - ھەولێر

ئاژانسی ئەی پی لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بڵاویکردووەتەوە، بڕیاری داهاتووی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی قەدەخەی گەشتکردن بۆ ئەمریکا، وەک خۆی دەمێنێتەوە و تەنیا عێراق لەو لیستە دەردەهێندرێت.

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، بەهۆی فشارێکی زۆری وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری ئەمریکا، ترەمپی ناچارکراوە، ناوی عێراق لەو لیستە بهێنێتە دەرەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رۆژی 27  كانوونی دووەمی رابردوو بڕیاریدا بۆ ماوەی 90 رۆژ ھاتنی ھاووڵاتیان ئەم 7 وڵاتە بۆ ئەمریكا قەدەغە بكرێت، لەگەڵ قەدەغەكردنی 120 رۆژ وەرگرتنی كۆچبەرانی ئەم 7 وڵاتە.

لە یەكەم ھەنگاوی یاسایی گشتگیر بەرامبەر بڕیارەكەی ترەمپ، دادوه‌ری فیدراڵی له‌ سیاتڵی ئه‌مریكا جەیمس رۆبارت رۆژی 3 شوباتی 2017 بڕیاركەی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا  بۆ رێگه‌گرتن له‌ هاتنی هاووڵاتیانی 7  وڵاتی زۆرینه‌ موسوڵمان بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ھەڵوەشاند و به‌سه‌ر هه‌موو ویلایه‌ته‌كانی ئه‌مریكادا گشتاند، پاش ئەوەی ھەندێ دادوەر لە چوارچێوەی ھەندی دۆسیەی تایبەت كاركردن بە بڕیارەكەی ترەمپیان ھەڵوەشاند.