بارزانی داوا لە رووسیا دەكات بایەخێکی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ بدەن لە ھەرێمی كوردستان

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و وەزارەتی دەرەوەی رووسیا شەڕی مووسڵ و دۆخی دارایی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ دەكەن

K24 - ھەولێر

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی رووسیا و کۆمپانیای گازپڕۆمی رووسی شەڕی مووسڵ و دۆخی دارایی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێکرد.

لەدیدارەکەدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و رووسیا، ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ رووسیا پێشاندا و داواشی کرد لەو پەرەپێدانەدا، بایەخێکی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت.

ڤالێریان شوڤایێڤ، جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا پابەندبوونی رووسیای بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و مۆسکۆی دووپاتکردەوە.

ماڵپەڕی فەرمی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ چوارشەممە 1ـی 3ـی 2017 لە سەلاحەدین، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای هاوبەشی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا و کۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسی كرد کە پێکهاتبوو لە ماکسیم ماکسیمۆڤ باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، ڤالێریان شوڤایڤ جێگری بەڕێوەبەری گشتیی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ڤیکتۆر سیماکۆڤ کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر و شاندێکی باڵای کۆمپانیای گازپڕۆمی رووسی".

بە گوێرەی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان: "شاندی میوان پێداگریی وڵاتەكەیان لەسەر هاوسۆزی و بەردەوامبوونی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دووپاتکردەوە و ئامادەیی رووسیایان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەهەموو بوارەکاندا خستەڕوو، ھەروەھا  شاندەکە ستاییشی سەرکەوتن و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستاندا و سوپاسی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ ئاستی بەرزی هاوکارییان لەگەڵ باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە بەغدا و کونسوڵگەریی رووسیا لە هەولێر و کۆمپانیای گازپڕۆم لە کوردستان".

لە بەشێكی دیكەی ئەم دیدارە شاندی باڵای كۆمپانیای گازپڕۆمی رووسی، پلان و كار و چالاكییەكانیان لە هەرێمی كوردستان بۆ سەرۆک بارزانی روون کردەوە و جەختیان لە بەردەوامیدان و پەرەپێدانی کارەکانیان کردەوە.

لەدیدارەکەدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و رووسیا، ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ رووسیا پێشاندا و داواشی کرد لەو پەرەپێدانەدا، بایەخێکی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت. هەروەها سەرۆک بارزانی دەستخۆشی لە کۆمپانیای گازپڕۆم کرد بۆ بەردەوامی و پەرەپێدانی چالاکییەکانیان لە کوردستان.

باسکردنی ڕەوشی ناوچەكە و شەڕی تیرۆریستان و پێشڕەوەییەکانی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ، بەشێکی دیکەی دیدارەکە بوون.

ھەر یەك لە دکتۆر فواد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئامادەی دیدارەكەبوون.