فرۆكەكانی روسیا و سوریا ھێزەكانی سوریای دیموكراتیك بۆردومان دەكەن

روسیا رەتیدەكاتەوە

K24 - ھەولێر

جەنەراڵ ستیفێن تاونسێند فەرماندەی ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراق  رایگەیاند فڕۆكەكانی روسیا و سوریا ھێزەكانی ھاوپەیمانی ئەمریكا لە سوریا بۆردومان دەكەن.

رویتەرز بڵاوی كردەوە، تاونسێند بە پێنتاگۆنی راگەیاند "رۆژی سێشەممەی رابردوو فرۆكەكانی روسیا و رژێمی سوریا ھەندێ گوندیان بۆردومانكردووە، كە پێم وایە وایانزانیوە ژێر كۆنترۆڵی داعشدان، بەڵام لە راستیدا لە ژێر دەسەڵاتی ھێزەكانی ھاوپەیمانی عەرەبی سوریادان و قوربانیشی ھەبووە".

بە پێی ھەواڵێكی RIA روسی، وەزارەتی بەرگری ئەم وڵاتە رەتیكردەوە فڕۆكەكانی روسیا یان سوریا ھێرشیان كردبێتە سەر ناوچەكانی ھاوپەیمانی عەرەبی سوریا كە لە لایەن ئەمریكاوە پشتگیری دەكرێت.

ئاژانسە روسەكە ئەوەشی راگەیاندووە سوپای ئەمریكا لەبارەی شوێنی ئەو ھێزانەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا كە پشتگیریان دەكات، ھەماھەنگی لەگەڵ روسیا ھەیە و روسیاش ئەو زانیارییانە لەبەرچاو دەگرێت. "ھیچ ھێرشێكی ھەوایی لە لایەن روسیا یان سوریا بۆ سەر ئەو ناوچانە ئەنجام نەدراوە، كە لە لایەن ئەمریكییەكانەوە دیاری كراون".

تاونسێنی گوتی "ئەو گوندانەی رۆژی سێشەممەی رابردوو كراونەتە ئامانجی ھێرشی ھەوایی نزیكی بابن و 15 تا 20 كیلۆمەتر لە منبجەوە دوورن".

گوتیشی ھێزەكانی ئەمریكا 4 بۆ 5 كیلۆمەتر لەو شوێنە دوورن و چاودێری ھێرشەكەیان كردووە و سوپای ئەمریكا بە رێگەی ھێڵێكی ئێمرجێنسی ھاوتا روسەكەیان ئاگادار كردووەتەوە، پاش ئەوەی كە بۆردومانەكە وەستاوە.

ئەمریكا و روسیا بۆ خۆپاراستن لە بەریەككەوتنی ھەوایی لە سوریا كەناڵێكی پەیوەندیكردنیان ھەیە و لە ساڵی 2015 لەسەر دانانی ئەو پەیوەندییە ریكەوتن.

JS